تۆڕی وەرزشی یاریگا ناوی ئەو 10 یاریزانە بڵاو دەکاتەوە کە لەم هاوینە دهۆک بەجێدەهێڵن
کەریم دەروێش و یانیک زاکری و پەشەنگ عەبدوڵا لە یانەکە دەڕۆن

یاریگا –
تۆڕی وەرزشی یاریگا ناوی ئەو 10 یاریزانە بڵاو دەکاتەوە کە لەم هاوینە بە هۆکاری جیاواز دهۆک بەجێدەهێڵن، یانیش گرێبەستەکانیان نوێ ناکرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، رۆیشتنی 10 یاریزان لە دهۆک یەکلایی بوونەتەوە، ئەم هاوینە هەریەکە لە یانیک زاکری، مارلۆن سانتۆس، کەریم دەروێش، پەشەنگ عەبدوڵا، مازیس ئارتین، مستەفا رەعد، نەجم شوان، پیتەر گورگیس، عەلی موحسین و کێڤن جاکۆ ریزەکانی دهۆک بەجێدەهێڵن و چیدیکە درێسی یانەکە ناپۆشنەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی دهۆک دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ کردووە و لە ئێستاوە لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان خەریکی دانوستاندن و نوێکردنەوەی گرێبەست و بەڕێکردنی بەشێک لە یاریزانەکانیەتی، گەرچی پیتەر گورگیس ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە، بەڵام بڕیاری خۆی داوە و بەهیچ شێوەیەک ئامادە نییە بگەڕێتەوە یانەکە و لە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی ناک برێدای هۆڵەندی نزیکە.
تایبەت بە یاریگا؛ ئەستێرەیەکی گەورە ریزەکانی دهۆک بەجێدەهێڵێت
بەگوێرەی سەرچاوەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، کەریم دەروێش هێرشبەری لوبنانی دوای رۆیشتنی مەسعود میڕال بڕیاری داوە لە دهۆک بڕوات و چیدیکە لە یانەکە نەمێنێتەوە، رۆیشتنی یانیک زاکری ناوەڕاستکاری کۆتدیڤواریش یەکلایی بووەتەوە و لەگەڵ قوە جەوییە رێککەوتووە، ئەم هاوینە دەچێتە ریزەکانی هەڵۆیەکانی بەغدا.
پەشەنگ عەبدوڵا یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لەژێر کاریگەری مەسعود میڕال چووە ریزەکانی دهۆک و ئەویش ئەم هاوینە هەڵۆیەکانی چیا بەجێدەهێڵێت، کێڤن جاکۆ و نەجم شوانیش دوای یارییەکانی جامی عێراق ماڵئاوایی لە یانەکە دەکەن و مازێس ئارتینیش لە رۆیشتنی لە یانەکە نزیکبووەتەوە و عەلی موحسین و مستەفا رەعدیش یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی ئەم هاوینە لەگەڵ دهۆک دەست لەیەک بەردەدەن.

دهۆک لەگەڵ هەریەکە لە هاروون ئەحمەد، زانا عەلی، لۆکاس تورسی و سیابەند عەگید دەستی بە گفتوگۆ کردووە و دەیەوێت گرێبەستەکانیان نوێبکاتەوە.
دهۆک بە کۆکردنەوەی 54 خاڵ لە پلەی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و رۆژی پێنجشەممە لە دوایین گەڕی خولەکە دەبێتە میوانی کەرخ، لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی عێراقیش هەفتەی داهاتوو رۆژی سێشەممە میوانداریی مینا دەکات.