تایبەت بە یاریگا؛ دوو یانەی بەغدا دەیانەوێت بەرگریکارێکی کورد بگوازنەوە ریزەکانیان
سیپان سەدیق دوای کۆتایی هاتنی ئەم وەرزە بڕیاری خۆی دەدات

یاریگا –
زەوڕا و قوە جەوییە ئۆفەریان پێشکەشی سیپان سەدیق بەرگریکاری زاخۆ کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەکانی قوە جەوییە و زەوڕا ئۆفەریان پێشکەشی سیپان سەدیق بەرگریکاری زاخۆ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو بەرگریکارە کوردە هیچ بڕیارێکی نەداوە و نایەوێت لەبارەی داهاتووی خۆی پەلە بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، سیپان سەدیق تاوەکو کۆتایی هاتنی یارییەکانی ئەم وەرزە بەتایبەتی یارییەکانی جامی عێراق، هیچ بڕیارێک نادات، کە ئەو بەرگریکارە 26 ساڵانە ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ زاخۆ کۆتایی دێت و لەوەتەی ساڵی 2022 درێسی ئەو یانەیە دەپۆشێت و پێشتر لە حدوود و هەندرێنیش یاریی کردووە.
سیپان کە بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکانی زاخۆ دابڕاوە، لەم وەرزە لە جام و خولی ئەستێرەکانی عێراق 28 یاری بە درێسی زاخۆ کردووە، دوو ئەسیستی کردووە و 10 کارتی زەردیشی بەڕوودا بەرزکراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە زاخۆ لە دوایین گەڕی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبێتە میوانی گەرمە کە پلەی سێیەمی خولەکەی مسۆگەرکردووە، دواتر هەفتەی داهاتوو رۆژی سێشەممە (8ـی یۆلیۆ/تەممووزی 2025) زاخۆ لە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی عێراق میوانداریی نەورۆز دەکات.