بارسێلۆنا بە ناچاری بڕیار لە چارەنووسی ئەستێرەیەک دەدات
بە 60 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری دەبێت

یاریگا –
رۆناڵد ئاراوخۆ پێش زۆربەی ئەستێرەکانی دیکەی بارسێلۆنا گەڕاوەتەوە و مەشقەکانی دەستپێکردووە.
ئاراوخۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی بەردەوام باس لە فرۆشتنی دەکرێت، چونکە بارگرانی دارایی دروستکردووە و بە فرۆشتنی ئەستێرە ئوروگواییەکە، بەشێکی زۆری کێشەکانی بارسا چارەسەر دەبن.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، لەوانەیە بارسێلۆنا بڕگەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی چالاک بکات کە دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ.
بارسا زۆر پێویستی بە کەمکردنەوەی ئاستی مووچەی یاریزانانە، تاوەکو لە یاسای 1:1 بەردەوام بێت و کێشەی لە ناونووسکردنیان لە لالیگا نەبێت.
بڕگەی شکاندنی گرێبەستەکەی لە 1ی یۆلیۆ/تەمووز تاوەکو 15ی هەمان مانگ چالا دەکرێت، بە گەیشتنی هەر ئۆفەرێک، بارسا دەستبەرداری بەرگریکارەکە دەبێت.
بارسێلۆنا لە سەرەتای ئەمساڵ، گرێبەستی ئاراوخۆ تاوەکو هاوینی ساڵی 2031 نوێکردەوە، هەرچەندە دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی و هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە چەندینجار رایانگەیاندووە، ئاراوخۆ بەشێکە لە پڕۆژەی داهاتووی بارسا، بەڵام قەیرانی دارایی، یانەکە بە چەندین هەنگاو ناچار دەکات.
یانەکانی ئارسیناڵ و یوڤێنتوس لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوو، گرنگیان بە یاریزانەکە دابوو، ئێستاش باس لە گرنگیپێدانی لەلایەن مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول و بایرن میونشن دەکرێت.
هەرچەندە لە سەرەتای وەرزی رابردوو تووشی پێکان ببوو، ئاراوخۆ بەشداری لە 25 یاریدا کرد، لەگەڵ بارسا بووە پاڵەوانی لالیگا و کۆپا دێل رێی.