دەنگۆکانی مێرکاتۆ؛ چوار یانەی گەورە كێبڕكێی گواستنەوەی هێرشبەرێک دەكەن و نۆتینگهام گرێبەستێكی یەكلاییكردەوە
دوا دەنگۆ و هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی یاریزانان

یاریگا –
هۆگۆ ئێكیتیكێ لەلایەن یانە گەورەكانەوە داواكراوە، یانەكانی ئەڵمانی كێبڕكێی گواستنەوەی جەیمس ماكاتی دەكەن و لیڤەرپوول دەیەوێت یاریزانێكی بخاتە نێو كێبڕكێی گواستنەوەی مارك گێی.
ئارسیناڵ چووە ریزی یانەكانی چێڵسی، لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد كە گرنگی بە گواستنەوەی هۆگۆ ئێكیتیكێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی ئێنتراخت فرانکفورت دەدەن – بێڵد.
هەریەک لە یانەكانی بۆڕووسیا دۆرتموند، ئێنتراخت فرانكفۆرت، بایەر لیڤەركوزن ، لایپزیگ و شتوتگارت كێبڕكێی گواستنەوەی جەیمس ماكاتی یاریزانی لاوی ئینگلیزی یانەی مانچێستەر سیتی دەكەن – تایمز.
لیڤەرپوول ئامادەیە بێن دۆک یاریزانی لاوی سكۆتلاندی پێشكەشی كریستاڵ پاڵاس بكات و بیكاتە نێو پڕۆسەی گواستنەوەی مارک گێی – سەن.
ڤیكتۆری یۆكێرێش هێرشبەری سویدی سپۆرتینگ لیسبۆن بە یانەكەی راگەیاندووە كە نایەوێت بگەڕێتەوە و لە گواستنەوەكانی هاوینەدا یانەكەی جێدەهێڵێت – ریكۆرد.
مانچێستەر یونایتد ئارەزووی گواستنەوەی مۆیس كین هێرشبەری ئیتاڵی یانەی فیۆرێنتینا دەكات و بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی 52 ملیۆن یۆرۆیە – كۆرێرێ دێلۆ سپۆرت.
تۆماس پارتی ئەمڕۆ گرێبەستەكەی لەگەڵ ئارسیناڵ بەسەردەچێت و ریزەكانی یانەكەی جێدەهێڵێت – ئاتلێتیک.
سەندرلاند كە وەرزی داهاتوو لە پرێمەرلیگ یاریی دەكات ئۆفەرێكی بە مووچەی هەفتانەی 65 هەزار پاوەند پێشكەشی رێنێلدۆ مانداڤا یاریزانی پێشووی ئاتلێتیكۆ مەدرید كرد – گاردیان.
نۆتینگهام فۆرێست نزیكە لەوەی بە بەهای 10 ملیۆن پاوەند ئیگۆر خیسۆس لە بۆتافۆگۆوە بگوازێتەوە ریزەكانی یانەكەی – تێلیگراف.
قەتەڕ گفتۆگۆی لەگەڵ فیفا كردووە و دەیەوێت مافی میوانداریكردنی یارییەكانی جامی جیهانی یانەكانی 2029 وەربگرێت – گاردیان.