
یاریگا –
دهۆک بەبێ ئامادەبوونی هەشت یاریزانی میوانداری نەورۆز دەکات و دوای هەشت یاریی دەیەوێت سەرکەوتن تۆمار بکات.
لە گەڕی 37ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، ئەمشەو ( 29ـی حوزەیرانی 2025 ) کاتژمێر 9:30ـی شەو دهۆک میوانداری نەورۆز دەکات، دهۆک هەشت یارییە سەرکەوتنی تۆمار نەکردووە و لەگەڵ ئەمیر زرەفشانی راهێنەر خەریکە بەبێ بردنەوە کۆتایی بە خولی ئەم وەرزە دەهێنن.
هەڵۆکانی چیا بە بارودۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبن، بۆ یارییەکەی ئەمشەویش لە توانای هەشت یاریزانی بێبەش دەبێت، زانا عەلی بە هۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەری و پیتەر گۆرگیس بەهۆی گەڕانەوەی بۆ سوید بەشداری یارییەکە ناکەن.
لە دوای کێشە و گرفتەکان لە یاریی بەرامبەر هەولێر، یەکێتی تۆپی پێی عێڕاق هەریەک لە یاریزانان لۆکاس مۆسیس و لۆکاس تۆرسی و مارلۆن سانتۆسی بەرازیلی بۆ دوو یاریی سزاداوە و ناتوانن بە شداری یارییەکەی بەرامبەر نەورۆز بکەن.
بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو بەرامبەر هەولێر، هاڕوون ئەحمەد، ناوەڕاستکار و ئەستێرەی تیپەکە بێبەش دەبێت لە یارییکردن، بەیار ئەبوبەکر و محەمەد سەعیدیش بە هۆی پێکانەوە بۆ یارییەکە ئامادە نابن.