ئایا مێسی بەشداری مۆندیالی 2026 دەکات؟

یاریگا –
لیۆنێل مێسی ئەفسانەی ئەرجەنتین تا ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەبارەی بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 نەداوە و پێدەچێت کەس نەزانێت داهاتووی ئەو ئەستێرە چۆن دەبێت.
براوەی هەشت جار باڵۆن دۆر، بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشبینی دەکرێت لەگەڵ هەڵبژاردەکەیدا لە بەرگریکردن لە نازناوەکەیان لە مۆندیالی داهاتوو ئامادەبێت. مێسی وەک ئەستیرەی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەمێنێتەوە و پێدەچێت لەگەڵ تانگۆ ئامادە بێت.
بە 193 یاری و تۆمارکردنی 112 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی، وەک کاپتنێکی بێ وێنە لە دڵی هاندەرانی ئەرجەنتیندا دەمێنێتەوە. بەڵام مێسی بێدەنگ بووە و تا ئێستا وەڵامێکی روونی سەبارەت بە پلانەکانی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکی دیکە نەداوەتەوە.
ئەرجەنتین هیواخوازە هاوینی داهاتوو ژمارە 10 ئەفسانەییەکەی لە تیپی لیۆنێل سکالۆنیدا بێت، هەرچەندە مێسی لە کاتی مۆندیالی 2026 تەمەنی دەبێتە 39 ساڵ، بەڵام خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە.
گویلێم بالاگێ، رۆژنامەنووسی وەرزشی لە لێدوانێکیدا بۆ بی بی سی سپۆرت گوتی:
سەبارەت بە بەشداری کردنی لە مۆندیالی داهاتوو کەس نازانێت، تەنانەت خودی مێسی. ئێستا تەنیا سەرنجی لەسەر لە یارییەک بۆ یارییەکی دیکە و پاڵەوانێتییەک بۆ پاڵەوانێتییەکی دیکەیە. ئەگەر گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و لە ئەمریکا بمێنێتەوە، ئەوا لە کاتی پێویستدا دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێت، بەڵام بۆ ئێستا هەنگاو بە هەنگاو دەڕوات، هەمووان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێن بڕیاری کاپتنی ئەرجەنتینن. بەڵام ئەو بڕیارە کۆتاییەکەی بە کەس نەگوتووە، لێیگەڕێن با لە کاتی خۆیدا بڕیار بدات، بەڵام قسە و باسەکان باس لەوە دەکەن کە مۆندیالی 2026 دەتوانێت دوا یاری بێت لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
مێسی لەگەڵ ئینتەر مەیامی مێژوویەکی تۆمارکرد و گەیشتە قۆناغی ١6ی جامی جیهانی یانەکان و بووە تاکە تیپی MLS کە بگاتە ئەم قۆناخە. بڕیارە ئەمشەو رووبەڕووی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ ببنەوە.