زانیاری یاریگا؛ یوسف ئەمین یانەی داهاتووی خۆی یەکلایی کردووەتەوە
هەر لە خولی رۆشنی سعوودی دەمێنێتەوە

یاریگا –
یوسف ئەمین لە چوونی بۆ ریزی یانەی ریازی سعوودی نزیکبووەتەوە، چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی یانەکەی دەکات بۆ ئەوەی بە گرێبەستێکی ئازاد بچێتە پاڵ ئیبراهیم بایش.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی نزیک لە یوسف ئەمین یاریزانی کوردی یانەی وەحدەی سعوودی زانیویەتی، یاریزانەکە کوردەکە لەگەڵ یانەی ریازی سعوودی رێککەوتووە، بۆ وەرزی داهاتوو لە خولی رۆشنی سعوودی رێسی ئەو یانەیە دەپۆشێت و دەچێتە پاڵ ئیبراهیم بایش و هەر لەو یانەیە یاریی دەکات.
یوسف ئەمین هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی وەحدە کرد و وەرزی رابردوو لە خولی رۆشنی سعوودی درێسی ئەو یانەیەی دەپۆشی، بەڵام یانەکە پلەی شازدەمی بەدەستهێنا و دابەزییە ریزی یانە پلە یەکەکان، لەکاتێکدا یانەکە سکاڵایەکی لەسەر ئەنجامی یارییەکی کردووە و داوای سێ خاڵی ئەو یارییە دەکات بۆ ئەوەی لە ریزی یانە نایابەکان بمێنێتەوە.
یاریزانە 21 ساڵانەکەی وەحدە هاوینی 2024 لە ئێنتراخت براونشڤیگی ئەڵمانییەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ پەیوەندی بە ریزەکانی وەحدە کرد، بەڵام دوای دابەزینی یانەکە بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان، ئەو یاریزانە دەتوانێت بە گرێبەستێکی ئازاد ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت، کە لە 31 یاری 4 گۆڵ و 2 ئەسیستی بە درێسی ئەو یانە سعوودیە کردووە.
پێشتر یانەی وەحدە کە یوسف ئەمین یاریزانی لاوی کورد یاریی بۆ دەکات، لە ناوەندی یەکلاکردنەوەی وەرزشی لە سعوودیە سکاڵای لەسەر یارییەکەی بەرامبەر نەسڕ تۆمارکردووە، گەرچی یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی رۆشنی سعوودی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەحدە دەیەوێت بەم سکاڵایەی سێ خاڵی یارییەکەی نەسڕ بەدەست بهێنێت و بگەڕێتەوە ریزی یانە نایابەکان، کە چوار مانگ لەمەوبەر (25ـی فێبرایەری رابردوو) نەسڕ 2-0 ئەو یارییەی بردەوە.
یانەی وەحدەی سعوودی لەو ناوەندە یەکلاکەرەوەیە داوای سێ خاڵی یارییەکەی دەکات، چونکە پاسی شاندی نەسڕ لەو یارییە دواکەوتن و یارییەکە بەهۆی دواکەوتنی شاندی یانەی نەسڕ کاتژمێرێک دواخرا، بەڵام یانەی وەحدە رەتیدەکاتەوە هیچ هۆکارێکی رازیکار هەبێت بۆ دواکەوتنی شاندی یانەی نەسڕ، دواکەوتنەکەی نەسڕ بە کەمتەرخەمی یانەکە لێکدەداتەوە و داوای کردووە سەیری کامێرای چاودێری هۆتێلی مانەوەی نەسڕ و رێگای گەیشتنی شاندی یانەکە بۆ یاریگا بکرێتەوە.