
یاریگا –
کالڤێرت لیوین بەفەرمی رۆشتنی لە ریزەکانی ئێڤەرتن راگەیاند و ئێستا یاریزانێکی سەربەستە.
دۆمینیک کالڤێرت لیوین هێرشبەری ئینگلیزی یانەی ئێڤەرتن دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی بەفەرمی رۆیشتنی لە یانەکەی راگەیاند، کە ئەو هێرشبەرە 28 ساڵانە لەوەتەی ساڵی 2016 درێسی تۆفێز دەپۆشێت.
کالڤێرت لیوین لە پەیامێکیدا بەبۆنەی رۆیشتنی لە ئێڤەرتن ماڵئاوایی لە یانەکەی کردووە و رایگەیاندووە :’دوای بەسەربردنی نۆ ساڵی لەبیرنەکراو کاتی ئەوەیە بڕیارێکی یەکجار قورس بدەم، لەگەڵ خێزانەکەم بڕیارم داوە دەست بە قۆناخێکی نوێ لە کاروانی وەرزشیم بکەم، زۆر سوپاسی هەمووان دەکەم، بەتایبەتی هاندەران، لە رۆژی یەکەمەوە تاوەکو ئێستا بەوپەڕی گەرمییەوە هانیان دەدام’.
لیوین لە تەمەنی 19 ساڵییەوە درێسی ئێڤەرتن دەپۆشێت و لەکۆی 274 یاری 71 گۆڵی بە درێسی یانەکە کرد، کە هاوینی 2016 لە شەفێڵد یونایتدەوە پەیوەندی بەو یانەوە کرد، ئەو هێرشبەرە ئینگلیزە لەگەڵ هەڵبژاردەکەشی لە 11 یاری نێودەوڵەتی چوار گۆڵی کردووە.
سبەی دووشەممە دوایین رۆژی کالڤێرت لیوینە لە ئێڤەرتن و گرێبەستەکەی کۆتایی دێت، کە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو هێرشبەرە ئینگلیزە 16 ملیۆن یۆرۆیە.