
یاریگا –
داڤید ئالابا لە ریال مەدرید بووەتە بەڵا و ئەو بەرگریکارە نەمساییە لە نێوان مانەوەی لە ریال مەدرید و بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2026 دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرێت.
رۆژنامەی AS ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، داڤید ئالابا بەرگریکاری ریال مەدرید خەریکە بە تەواوەتی لە یانەکەی دەبێتە بەڵا، چونکە سەرەڕای پێکانە بەردەوامەکانی، هاوینی 2026 گرێبەستەکەی کۆتایی دێت، سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی یاریکردنی زۆر کز بووە، کەچی ئامادەش نییە یانەکە بەجێبهێڵێت.
رۆژنامە مەدریدییەکە راشیگەیاندووە، دوای رۆدیگەر و میلیتاو و هاوسن و ئاسینیسیۆ، ئالابا بژاردەی پێنجەمی یانەکەیەتی لە دڵی بەرگری، بۆیە ئەگەر وەرزی داهاتوو لە یانەکەی بمێنێتەوە و بیەوێت تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی بەردەوام بێت، لەوانەیە پێگەی خۆی لە هەڵبژاردەی نەمسا لەدەست بدات، کە وەکو کاپتنی هەڵبژاردەکەی چاوی لەوەیە لە مۆندیالی 2026 سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی بکات.
لەبەر ئەوەی ئالابا ساڵانە مووچەکەی 12.5 ملیۆن یۆرۆیە، هیچ یانەیەک تاوەکو ئێستا ئۆفەری پێشکەشی ئالابا نەکردووە، کە زیاتر لە ساڵێکە بەهۆی پێکانەوە لە یاریکردن دابڕاوە و لە مۆندیالی یانەکان جارێکی دیکە بەهۆی پێکانەوە مانگێکی دیکە لە مێرەنگی دادەبڕێت.
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئالابا نەکردووە و دەیەوێت لە یانەکەی بڕوات، بەڵام ئالابا سوورە لەسەر ئەوەی لە یانەکە بمێنێتەوە لەکاتێکدا لەوانەیە وەرزی داهاتوو هەلی یاریکردنی زۆر کەم بێت.
بەرگریکارە 33 ساڵانەکە ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 6 ملیۆن یۆرۆیە، کە سەرەتای ساڵی 2021 بە گرێبەستێکی ئازاد لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد و بە درێسی سپیپۆشەکان لە 116 یاری 5 گۆڵ و 9 ئەسیستی کردووە.