ئارسیناڵ داوای ئەستێرەیەکی سێریا ئەی دەکا
یانە لەندەنییەکە تەنیا داوای یاریزان دەکات و هیچی نەگواستووەتەوە

یاریگا –
ئارسیناڵ لەپڕ چووەتە نێو کێبڕکێکانی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی سێریا ئەی.
یانە لەندەنییەکە تاوەکو ئێستا هیچ گرێبەستێکی گەورەی لە مێرکاتۆی هاوینەدا نەکردووە، ئەمەش هاندەرانی گەنەرزی نیگەران کردووە.
ئالفرێدۆ پێدوولا، رۆژنامەنووسی دیاری مێرکاتۆ روونیکردووەتەوە، ئارسیناڵ ئامادەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئادێمۆلا لووکمان، ئەستێرەی ئاتاڵانتا دەستپێبکات و بڕی پارەی پێویست بۆ گواستنەوەی خەرج بکات.
رۆژنامەنووسەکە ئاشکرایکردووە، ئارسیناڵ ئامادەیە بڕی 50 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی لووکمان خەرجبکات و خەونی گەڕانەوەی ئادێمۆلا بۆ پرێمەرلیگ بەدیبهێنێت.
یوڤێنتوس یەکێکە لەو یانانەی زۆر بە جیدی بیر لە گواستنەوەی لووکمان دەکاتەوە، بەڵام هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بە یانەکەی بێرگامۆ نەکراوە.
وەرزی رابردوو لووکمان 15 گۆڵی لە سێریا ئەی کرد و سێیەم باشترین گۆڵکاری خوولەکە بوو. ئادێمۆلا رۆڵێکی باڵای لە سەرخستنی یانەکە بۆ چامپیۆنزلیگ و بردنەوەی نازناوی یۆرۆپالیگی وەرزی 2023-24 گێڕا.
تەنیا دوو ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ئادێمۆلا لە ئاتاڵانتا ماوە، هیچ ئاماژەیەک بۆ چوونە دەرەوەی ئەستێرەکە نییە، بەڵام ئارسیناڵ بەهۆی سەرقاڵبوونی بە گواستنەوەی هێرشبەرێک، سەرنجی تەواوی لەسەر لووکمان دانەناوە.
ئارسیناڵ لە نێوان بێنیامین شێشکۆ، هێرشبەری لایپزیگ و ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سپۆڕتینگ لیسبۆن یەکێکیان دەگوازێتەوە، بەڵام هیچ رێککەوتنێکی سەرەتایی نەکراوە.