بۆچی رۆناڵدۆ بەشداری لە مۆندیالی یانەکان نەکرد؟
کریستیانۆ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یەکەمجار باسی ئۆفەرەکانی پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان دەکات.
رۆناڵدۆ چەند رۆژێک بەر لە ئێستا، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە لەگەڵ نەسڕی سعوودی نوێکردەوە. ئەستێرە پۆرتوگالییەکە چاوی لە بردنەوەی نازناوە لەگەڵ نەسڕ، بۆیە گرنگی بە ئۆفەری یانە بەشداربووەکانی مۆندیالی یانەکان نەدا.
هەرچەندە دوای تەواوبوونی وەرزی رابردووی خولی رۆشنی سعوودیە، رۆناڵدۆ پۆستێکی لە هەژمارەکانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە و نووسیبوو؛ ”ئەم بەشە کۆتاییهات”.
پێشبینییەکان رووەو چوونە دەرەوەی رۆناڵدۆ بوون لە نەسڕ، بۆیە دەنگۆکانی پەیوەندیکردنی بە یانەیەکی بەشدار لە مۆندیالی یانەکان زیادبوو، بەڵام بەر لە بەسەرچوونی گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزە، رۆناڵدۆ گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 نوێکردەوە.
رۆناڵدۆ لەبارەی ئۆفەرەکان بە چەناڵی فەرمی نەسڕ دەڵێت؛
چەند ئۆفەرێکم بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان پێگەیشت، بەڵام بەلای منەوە بێ مانا بوون، چونکە پێویستیم بە پشوو و ئامادەکارییەکی باش بوو، چونکە وەرزی رابردوو زۆر درێژ بوو.
بەگوێرەی گرێبەستی نوێی رۆناڵدۆ، ئەوا ساڵانەی بڕی 178 ملیۆن پاوەند وەکو مووچە وەردەگرێت، جیا لە پاداشتی گەورەی یانەکە، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا بگاتە 500 ملیۆن پاوەند.
رۆناڵدۆ وەرزی رابردوو بە تۆمارکردنی 25 گۆڵ و سێ ئەسیست لە 30 یاریدا، بووە گۆڵکاری خولی رۆشن.