
یاریگا –
لامین یامال لە راکێشانی سەرنجی هاندەران بە شێوازی جیاواز بەردەوامە.
یامال، ئەستێرە لاوەکەی بارسێلۆنا بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی دیێگۆ ئارماندۆ ماڕادۆنا، ئەفسانەی ئەرجەنتین بە درێسی بارسێلۆنا، گومانەکانی پۆشینی درێسی ژمارە 10ی وەرزی داهاتوو زیاد دەکات.
ئەستێرە ئیسپانییەکە لە وەرزی رابردوودا درێسی ژمارە 19ی دەپۆشی و بۆ وەرزی داهاتوو، پێشبینی دەکرێت درێسی ژمارە 10ی ئەفسووناوی ماڕادۆنا و لیۆنێل مێسی بپۆشێت.
یامال بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەکە بنووسێت، گومانی زۆری لای هاندەران دروستکرد و هەموو پێشبینییەکان بۆ وەرگرتنی درێسی ژمارە 10ن.
دوای ماڵئاوایی مێسی لە ساڵی 2021، ئانسو فاتی درێسی ژمارە 10ی پۆشی، بەڵام یاریزانەکە نەیتوانی لە ئاست پێشبینییەکان بێت و ئێستا ناوی بە مۆناکۆی فەڕەنسی بەستراوەتەوە. چوونە دەرەوەی فاتی رێگەی گەیشتنی یامال بە درێسی ژمارە 10 ئاسان دەکات.

پێشتر ئەستێرەکانی وەکو رۆناڵدینیۆ، خوان رۆمان ریکێلمی، ریڤاڵدۆ، رۆماریۆ و هریستۆ ستۆیچکۆڤ درێسی ژمارە 10یان پۆشیوە.
سەرەتای مانگی داهاتوو، بارسێلۆنا درێسی وەرزی نوێ نمایشدەکات و لەوانەیە یامال بە درێسی ژمارە 10 ببیندرێت.
مانگی داهاتوو یامال دەبێتە 18 ساڵ و بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ بۆنەیەکی گەورە دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاریی بەڕێوەچوونی بۆنەکە ئاشکرا نەکراوە.