ئیسپانیا

بارسێلۆنا درێسێکی مێژوویی بۆ کلاسیکۆیەکانی وەرزی داهاتوو دەپۆشێت

بیرهێنانەوەی شەوێکی مێژوویی 20 ساڵ لەمەوبەر...

Yariga App

یاریگا –

بارسێلۆنا بەنیازە وەرزی داهاتوو درێسێکی تایبەت لە کلاسیکۆ بپۆشێت. درێسێک کە یادی شەوێکی تایبەتی 20 ساڵ لەمەوبەر دەکاتەوە.

ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلان بڕوات، ئەوا هەفتەی داهاتوو بارسێلۆنا درێسی نوێی خۆی بۆ وەرزی داهاتوو نمایش دەکات. هەرچەندە دیزانی درێسەکە بە نافەرمی پێشتر لە سۆشیال میدیا دزەپێکراوە، بەڵام ئەمڕۆ زانیاری نوێ ئاشکرا بووە کە هەوادارانی بەپەرۆش کردووە.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردەوە، بارسێلۆنا بە هاوکاری کۆمپانیای نایکی، وەرزی داهاتوو درێسێکی تایبەتی دەبێت کە تەنیا لە کلاسیکۆدا دەیپۆشێت. درێسێکی تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دریسەکە لەسەر بنەمای بیرهێنانەوەی شەوێکی تایبەت دیزاین کراوە. شەوێک لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کە یەکێک لە شیرینترین یادگارییەکانی تۆپی پێی بۆ هاندەرانی بارسا دروست کردووە.

ئەو درێسە تایبەتە کە وەرزی داهاتوو لە کلاسیکۆدا دەپۆشرێت، لەسەر بنەمای ئەو درێسەیە کە بارسێلۆنا لە 19ی تشرینی دووەمی 2005 لە کلاسیکۆدا لەبەری کردبوو، ئەو شەوە بارسا بە سەرۆکایەتی فرانک ریکارد توانی شکستێکی قورس بەسەر رکابەرەکەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بهێنێت.

شەوێک کە بەهۆی دوو گۆڵەکەی رۆناڵدینیۆ هاندەرانی ریال مەدریدیش چەپڵەیان بۆ جادووگەرەکەی تۆپی پێ لێدا و ستایسی ئاستیان کرد. ئەو شەوە ئیتۆش گۆڵێکی دیکەی کرد و بە سێ گۆڵی بێ وەڵام بارسیلۆنا بردیەوە. وەرزی داهاتوو بارسێلۆناکەی هانزی فلیک بەم درێسە رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە بۆ ئەوەی ئەو یارییە مێژووییە و ئاستە ناوازەی رۆناڵدینیۆ بیر هاندەران بهێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button