
یاریگا –
لیڤەرپوول خەریکە بەهێزەوە دەچێتە نێو ململانێکانی بەدەستهێنانی واژۆی ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سپۆڕتینگ لیسبۆن.
پاڵەوانی ئینگلتەرا ئامادەکاری بۆ ماڵئاوایی داروین نونێز دەکات، ئەمەش بەهۆی شکستهێنانی لە خۆسەلماندن لە ئانفیڵد، دوای ئەوەی لە ساڵی 2022 لە بێنفیکاوە پەیوەندی بە رێدزەوە کرد.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، نەسڕی سعوودی ئامادەیە بەبڕی 50 ملیۆن یۆرۆ نونێز بگوازێتەوە. رۆژنامەی کۆرێیرۆ دی مانیا بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرپوول دەیەوێت پلانی ئارسیناڵ لەبارببات و یۆکێرێش بگوازێتەوە.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، لیڤەرپوول بڕیاریداوە یۆکێرێش بکاتە شوێنگرەوەی نونێز و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی لە یانە پۆرتوگالییەکە دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ.
هێرشبەرە سویدییەکە بە دەستەی کارگێڕی سپۆڕتینگی راگەیاندووە، نایەوێت جارێکی دیکە یارییان بۆ بکاتەوە، ئەمەش رێگەی بۆ ئارسیناڵ و لیڤەرپوول خۆشکرد.
ئارسیناڵ دەمێکە هەوڵی گواستنەوەی یۆکێرێش دەدات، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەناوە. رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە، لیڤەرپوول بە فەرمی گفتوگۆکان دەستپێدەکات و ئۆفەرەکەی ئامادەیە.
جیا لە نونێز، ماوەیەکە باس لە چوونە دەرەوەی لویس دیازیش دەکرێت، کەلەلایەن بارسێلۆنا و بایرن میونشن داواکراوە. لیڤەرپوول پێویستی بە پارەی زیاترە، تاوەکو بتوانێت یۆکێرێش یاخود یاریزانێکی هاوشێوەی ئەو بگوازێتەوە.