مێرکاتۆی هاوینەی عێراق؛ نوێترین دەنگۆی گواستنەوەی یاریزانان و یانەکانی کوردستان
هەڵۆ فایەق لە هەولێر دەڕوات و جەلال حەسەنیش ریزەکانی زەوڕا بەجێدەهێڵێت

یاریگا –
گەرچی هێشتا زیاتر لە مانگێک ماوە دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بکرێتەوە و هێشتا یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە کۆتاییان نەهاتووە، بەڵام لە ئێستاوە جموجۆڵی یانەکان بۆ گواستنەوەی یاریزانان دەستیپێکردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا رۆژانە نوێترین دەنگۆ و هەواڵی گواستنەوەی یاریزانانی یانەکانی کوردستان و عێراق بڵاو دەکاتەوە، کە رۆژی 2ـی ئۆگێست دەرگای گواستنەوەی یاریزانان دەکرێتەوە و رۆژی 2ـی ئۆکتۆبەر ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە عێراق تەواو دەبێت.
نوێترین و دوایین دەنگۆ و هەواڵی گواستنەوەی یاریزانان لەسەر ئاستی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق..
- شوڕتە دوو ئەستێرەی دهۆکی دەوێت و جەلال حەسەنیش زەوڕا بەجێدەهێڵێت
یانەی شوڕتە دەستی بە هەوڵەکانی کردووە بۆ ئەوەی پیتەر گورگیس و هاروون ئەحمەد لە دهۆکەوە بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشڤەچوونێک نییە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، زۆربەی یانە گەورەکانی عێراق چاویان لەسەر هاروون ئەحمەد و زانا عەلی ناوەڕاستکارانی یانەی دهۆکە، شوڕتە و قوە جەوییە و تەڵەبە و زەوڕا و گەرمە دەیانەوێت هاروون ئەحمەد و زانا عەلی بگوازنەوە، بەڵام دهۆک ئامادە نییە گفتوگۆ لەبارەی رۆیشتنی ئەو دوو یاریزانەی بکات.
هەرچەندە پیتەر گورگیس عێراقی بەجێهێشتووە و لەگەڵ ناک برێدای هۆڵەندی لەگفتوگۆدایە، بەڵام یانەی شوڕتە دەیەوێت بیگوازێتەوە ریزەکانی، کە ساڵێک لە گرێبەستەکەی لەگەڵ دهۆک ماوە و هێشتا موڵکی یانەی دهۆکە.
جەلال حەسەن گۆڵپارێز و کاپتنی یانەی زەوڕا بەهۆی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەی زەوڕا بڕیاریداوە دوای هەشت ساڵ لە یاریکردنی بە درێسی زەوڕا ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت.
تایبەت بە یاریگا؛ وادەی کۆبوونەوەی هاروون ئەحمەد و دهۆک ئاشکرابوو
- قوە جەوییە و یانیک زاکری لەگفتوگۆدان و لە 48 کاتژمێری داهاتوو یەکلایی دەبنەوە
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەناو یانەی قوە جەوییە، یانیک زاکری و قوە جەوییە لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە کۆتدیڤوارییە ریزەکانی دهۆک بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە هەڵۆیەکانی بەغداوە بکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو گفتوگۆیەکانی نێوان قوە جەوییە و یانیک زاکری یەکلایی دەبنەوە، کە جەوییە دەیەوێت ئەو یاریزانەی دهۆک بگوازێتەوە ریزەکانی و هێشتا هەڵۆیەکانی بادینان نایانەوێت دەستبەرداری ئەو یاریزانە بن.
- شێروان کوردستان لە زەوڕاوە ئۆفەرێکی پێگەیشتووە و حدوود دەیەوێت بیهێڵێتەوە
شێروان کوردستان یاریزانی کوردی یانەی حدوود لەلایەن زەوڕاوە چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درێسی یانەکە بپۆشێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی زەوڕا دەیەوێت شێروان کوردستان یاریزانی حدوود بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام یانەی حدوود دەیەوێت پارێزگاری لەو یاریزانە کوردە بکات، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو یانەکە بتوانێت لە خولی نایابی عێراق زۆر نەمێنێتەوە و بە زووترین کات بگەڕێتەوە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
شێروان کوردستان (28 ساڵان) کە پێشتر لە ریزی یانەکانی نەورۆز و هەولیریش یاریی کردووە، جگە لە زەوڕا چەند یانەیەکی دیکەش دەیانەوێت شێروان بگوازنەوە کە یانەی حدوود دابەزینی بۆ خولی نایابی عێراق یەکلایی بووەتەوە.
- رۆیشتنی هەڵۆ فایەق لە هەولێر یەکلایی بووەتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، رۆیشتنی هەڵۆ فایەق بەرگریکاری راستی هەولێر لە یانەکەی یەکلایی بووەتەوە، لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە ماڵئاوایی لە یانەکەی قەڵاومنارە دەکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، هەڵۆ فایەق لەگەڵ یانەی داهاتووی گەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە وەرزی داهاتوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق درێسی شوڕتە یان گەرمە دەپۆشێت.