دوایین پەرەسەندن؛ بێنفیکا لەبارەی گواستنەوەی کارێراس ریال مەدرید بێ هیوا دەکات

یاریگا –
بێنفیکا لەبارەی گواستنەوەی کارێراس، بە لێدوانێک ریال مەدرید شۆک دەکات و دەڵێت ‘دەمانەوەێت کارێراس لە یانەکەمان بمێنێتەوە’.
راهێنەر و بەڕێوەبەری وەرزشی بێنفیکا لە نوێترین لێدوانیاندا ریال مەدریدیان شۆک کرد و رەتیانکردەوە ئالڤارۆ کارێراس بەرگریکاری یانەکەیان لە چوونی بۆ ریزەکانی ریال مەدرید نزیک بێت، لەکاتێکدا هاندەرانی یانە مەدریدییەکە چاوەڕێ دەکەن دوای مۆندیالی یانەکان درێسی لۆس بلانکۆس بپۆشێت.
Rui Costa asegura que no hay ninguna oferta del Real Madrid por Carreras https://t.co/MSeMO4oM9I
— MARCA (@marca) June 25, 2025
روی کۆستا سەرۆکی یانەی بێنفیکا لە لێدوانێکی بە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی گوتووە :’تاوەکو ئێستا ریال مەدرید هیچ ئۆفەرێکی لەبارەی کارێراس پێشکەش نەکردووین، هەر کاتێک ئۆفەرێکمان پێگەیشت ئینجا سەیر دەکەین بزانین چی روودەدات، بەڵام ئێستا ئێمە لەناو مۆندیالی یانەکانیان و تاوەکو دوای ئەم پاڵەوانێتییە کاتی قسەکردن لەسەر ئەم بابەتانە نییە’.
ماڵپەڕی دێفێنسا سێنتڕال ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لە لێواری کشانەوەیەتی لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کارێراس، چونکە پێش مۆندیالی یانەکان لەگەڵ بێنفیکا رێککەوتبوون بەرگریکارە ئیسپانییەکە پەیوەندی بە ریزەکانی یانە مەدریدییەکە بکات، بەڵام یانە پۆرتوگاڵییەکە پەشیمان بووەوە و تەواوی دانوستاندنەکان لەبارەی کارێراس شکستیان هێنا.
⚠️El Benfica se mantiene firme en su deseo de retener al lateral español Álvaro Carrerashttps://t.co/KEkO36MZxJ
— Defensacentral.com (@defcentral) June 25, 2025
لەلایەکی دیکەوە برونۆ لاگ راهێنەری بێنفیکا لەبارەی داهاتووی کارێراس دەڵێت :’ئێمە دەمانەوێت کارێراس لە یانەکەمان بمێنێتەوە، بەڵام ئەگەر یانەیەک نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات، ئێمە هیچمان پێناکرێت’.
پێشتر زۆرینەی میدیا باوەڕپێکراوەکانی ئەوروپا هەواڵەکی رێککەوتنی بێنفیکا و ریال مەدرید و کارێراسیان پشتڕاستکردەوە، دووپاتیانکردەوە ریال مەدرید بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئالڤارۆی چالاک کردووە و بە 50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە.
یەکێک لە خاڵە ناکۆکییەکانی نێوان ریال مەدرید و بێنفیکا چۆنییەتی پاردانی گرێبەستەکەیە، یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت بە چەند قیستێک پارەی گرێبەستەکە بدات، بەڵام یانە پۆرتوگاڵییەکە دەیەوێت بە یەکجار 50 ملیۆن یۆرۆ وەربگرێت.
مانگی رابردوو ریال مەدرید لەگەڵ یاریزانەکە لەسەر مەرجە کەسییەکان رێککەوتبوو، گرێبەستەکەی کارێراس لەگەڵ مێرێنگی بۆ ماوەی 5 وەرز دەبێت و یاریزانەکە لەو 5 وەرزە بڕی 9 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە وەردەگرێت.
کارێراس لە 2017 لە دێپۆرتێڤۆی ئیسپانی پەیوەندی بەتیپی لاوانی ریال مەدرید کردووە و تاوەکو 2020 لە لۆس بلانکۆس ماوەتەوە، هاوینی 2020 پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کردووە، لە 2020 تاوەکو 2024 شەیتانە سوورەکان سێجار یاریزانەکەیان بەشێوەی خواستن بە پۆرتسمۆس، گرانادا و بێنفیکا داوە.
یانە پۆرتوگالییەکە لە هاوینی 2024 بەبڕی 6 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کرد بە هەمیشەیی. تاوەکو هاوینی 2029 بە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی 50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ واژۆ کرد، کارێراس بە درێسی بێنفیکا بەشداریی 66 یاریی کردووە، 5 گۆڵی کردووە و 6 گۆڵیشی دروستکردووە. نازناوێکی جامی خولی پۆرتوگالی لەگەڵ یانەکەی بەدەستهێناوە.