
یاریگا –
یانەی نەسڕی سعوودی بەفەرمی دوورخستنەوەی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری ئیتاڵی یانەکەی راگەیاند.
یانەی نەسڕی سعوودی بەفەرمی رایگەیاندووە، گرێبەستی ستیفانۆ پیۆلی راهێنەری ئیتاڵی یانەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە، کە ئەو راهێنەرە 59 ساڵانە لەوەتەی سێپتێمبەری 2024 راهێنەرایەتی یانە سعوودیەکەی دەکرد.
پێشتر جیانلوکا دی مارزیۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی رایگەیاندووە، ستیفانۆ پیۆلی لەگەڵ یانەی فیۆرێنتینای ئیتاڵی گەیشتووەتە رێککەوتن و جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ڤیۆلا و ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەگرێتەوە ئەستۆ.
تعلن شركة نادي #النصر رسميًا إنهاء العلاقة التعاقدية مع مدرب الفريق الأول السيد ستيفانو بيولي.
مثمنين له ولطاقمه كافة الجهود التي بذلوها مع #النصر ، ومتمنين لهم التوفيق . pic.twitter.com/kwPxWuFcBu
— نادي النصر السعودي (@AlNassrFC) June 25, 2025
پیۆلی لەگەڵ نەسڕ لە 44 یاری 28 بردنەوە و 7 یەکسان و 9 دۆڕانی بەدەستهێناوە، کە ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە نەیتوانی هیچ نازناوێک بۆ یانە سعوودییەکە بەدەست بهێنێت و لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 5.5 ملیۆن یۆرۆ لە یانە سعوودییەکە وەردەگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی میدیاکانی سعوودیە، پیۆلی مووچەی ساڵانەی لە نەسڕ 11 ملیۆن یۆرۆ بوو، کە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2026 بوو، بەڵام پیۆلی ساڵێک زووتر گرێبەستەکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا لە ئەرکەکی دووری بخاتەوە.
پیۆلی پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی ئەیسی میلان، فیۆرێنتینا، ئینتەر میلان، لازیۆ و بۆلۆنیای کردووە و وەرزی 2021/2022 نازناوی سێریا ئەی لەگەڵ میلان بەدەستهێنا.