دوا هەڵوێستی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی راشفۆرد چییە؟
مەرجێکی قورسی هەیە

یاریگا –
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا دەستبەداری هیوای گواستنەوەی مارکوس راشفۆرد نەبوبوە.
بارسا دەیەوێت هێڵی پێشەوەی تۆکمە بکات و چەندین بژاردەی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا هەیە. رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ناجێگیری دۆخی دارایی یانەکە، بلوگرانا دەیەوێت هەندێک یاریزان بە خواستن بگوازێتەوە.
یانەکەی هەرێمی کاتالوونیا لە گواستنەوەی نیکۆ ویڵیامس، ئەستێرەی ئاتلێتیک بیلباو نزیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیەوێت راشفۆرد بە خواستن لە مانچێستەر یونایتد بگوازێتەوە.
هەفتەی رابردوو راشفۆرد بە ئاشکرا حەزی یارییکردنی لەگەڵ لامین یامال پیشاندا. بەگوێرەی راپۆرتەکە بێت، هانزی فلیک، راهێنەری بارسا بە تواناکانی راشفۆرد سەرسامە و دەتوانێت ببێتە پاڵپشتیکارێکی گەورەی یامال.
راشفۆرد هیچ داهاتووێکی لە مانچێستەر یونایتد نییە، روبن ئامۆریم، راهێنەری یانەکە ئەم قسەیەی بە راشفۆرد گەیاندووە و پێناچێت بانگهێشتی لیستی یاریزانانی تیمەکە بۆ یارییەکانی ئامادەکاری وەرز بکرێت.