چێڵسی بەهای یاریزانێکی خۆی بە ئارسیناڵ دەڵێت
گەنەرز هیچ ئامانجێکی بەدەست نەهێناوە

یاریگا –
ئارسیناڵ دەبێ پارەیەکی زۆر بۆ گواستنەوەی یاریزانێی چێڵسی خەرجبکات.
رۆژنامەی ئیدیپێندێنت بڵاویکردووەتەوە، چێڵسی داوای بڕی 50 ملیۆن پاوەند بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی نۆنی مادیوکێ دەکات و گەنەرز خەریکی هەڵسەنگاندنی دۆخەکەیە.
هەرچەندە ئارسیناڵ سەرنجی تەواوی لەسەر گواستنەوەی بێنیامین شێشکۆ، هێرشبەری لایپزیگ داناوە، بەڵام بەهۆی داواکارییە داراییەکانی یانە ئەڵمانییەکە، گفتوگۆکان بەرەوپێش نەچوون.
مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی شێشکۆ بریتییە لە 80 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام یانە لەندەنییەکە ئامادەنییە زیاتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ لە گواستنەوەی یاریزانەکە سلۆڤینییەکە خەرجبکات.
رۆژنامەکە بەدووری دەزانێت، ئارسیناڵ بڕی پارەی داواکاری چێڵسی خەرجبکات، بۆیە ئەگەرەکانی سەرکەوتنی گواستنەوەکە زۆر لاوازە.
مادیوکێ لە هاوینی ساڵی 2023 پەیوەندی بە چێڵسییەوە کرد و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2030 بەسەردەچێت. وەرزی رابردوو بەشداری لە 32 یارداکرد، خاوەنی حەفت گۆڵ و چوار ئەسیستە.
ئارسیناڵ لە هەموو روویێکەوە خەریکی نوێکردنەوەی هێڵی هێرشبەرییە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئامانجێکی بەدەست نەهێناوە.