
یاریگا –
یانەکانی پلە سێ بۆ ریزی پلە دووەکان سەردەخرێن و یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی پلە سێی کوردستان ناکرێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بڕیاریدا یارییەکانی ئەم وەرزەی خولی پلە سێی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و سەرجەم یانە پلە سێیەکان بۆ ریزی یانە پلە دووەکان سەربخرێن و وەرزی 2025/2026 بەشداریی خولی پلە دووی کوردستان بکەن.
بڕیار و راسپاردەکانی دوایین کۆبوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان:
یەکەم: بە مەبەستی زیاتر دەرفەتدان بە یاریزانە لاوەکان، رێگەدرا بە یاریکردنی ( 5 ) یاریزان لە خولی ژێر 20ساڵانی کوردستان کە ناوی لە تیپی یەکەم هەبووبێت لە یانەکەی خۆی، هەر یاریزانێکیش مافی گواستنەوەی هەیە بۆ یانەیەکی تر بە مەرجێک لە تیپی پێشکەوتووان یاری نەکردبێت و مافی دەستبەرداربوونی ( ئیستیغنا ) لەگەڵ خۆی ببات بۆ ئەو یانەیەی کە یاریی بۆ دەکات.
دووەم: رێگەدرا بە سەرپەرشتیاری یانەکانی خولی ( نایاب _ پلە یەک ) بە هەمان ئەرک سەرپەرشتیاری تیپەکەی بکات لە خولی ژێر 20ساڵانی کوردستان، بە مەرجێک سزای راگیرانی لەسەر نەبێت لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، جگە لە سەرپەرشتیار ناتوانێ هیچ ئەرکێکی دیکە وەربگرێت.
سێیەم: زیادکردنی ( 5 ) یاریزان لە لیستی ناوی یاریزانەکان (کشوفات) لە خولی ژێر 20 ساڵانی کوردستان، لە (25) یاریزانەوە بۆ ( 30 ) یاریزان، ( 5 ) رۆژ مۆڵەتە بۆ سەرجەم یانەکان تاوەکو یاریزانە زیادکراوەکان بنێرن، دواتر هیچ یاریزانێک زیاد ناکرێت.
چوارەم: بە ڕەچاوکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئێستادا، بڕیارماندا سەرجەم یانە پلە سێیەکانی کوردستان بکرێنە پلە دوو، بۆ ئەم مەبەستەش ئەم وەرزە خولی پلە سێی کوردستان بەڕێوەناچێت.
پێنجەم: بۆ سەرجەم یانەکانی خولەکانی کوردستان، بە مەبەستی زیاتر ئاسان کردن و راپەڕاندنی کارەکان ئیمێڵەکان جیاکراونەتەوە، بۆ لەمەودوا هەر داواکارییەک یاخود نوسراوێکی کارگێڕی هەبێت دەبێت بۆ ئەم ئیمێڵە بنێرن ([email protected]) بە پێچەوانەوە هیچ نوسراوێک وەرناگیرێت تاوەکو سەرەتا بۆ ئیمێڵەکە نەنێرن، ئێمە لە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کار لەسەر نووسراوەکانتان دەکەین، بەڵام پێویستە دواتر نووسراوەکە بە شێوەی (نوسخەی ئەسڵی) بگاتە بارەگای یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دوای 48 کاتژمێر .
شەشەم: ئیمەیڵی لیژنەی پێشبڕکێکان ([email protected]) تەنها بۆ ناردنی لیستی ناوی یاریزانان (کشوفات) و زیاد کردنی یاریزان و مافی دەستبەرداربوونی یاریزانان و سەرجەم ئەو کارانەی کە پەیوەندی بە پێشبڕکێکانەوە هەیە.