حەفت یاریزان بۆ فرۆشتن؛ لیستی یاریزانەکانی ئەم هاوینەی بارسێلۆنا بۆ فرۆشتن یەکلایی کرایەوە
فلیک لە نێوان فرۆشتنی ئاراوخۆ یان کریستیێنسن بڕیاری خۆی داوە

یاریگا –
بارسێلۆنا لیستی یاریزانە فرۆشراوەکانی بۆ مێرکاتۆی ئەم هاوینە یەکلایی کردەوە، هانزی فلیک لیستی ئەو یاریزانانەی دەستنیشان کردووە کە بەنیازە لەم هاوینە دەستبەرداریان بێت.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ـی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا لیستی ئەو یاریزانانەی دەستنیشانکردووە کە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە بۆ فرۆشتن دانراون و یانە کەتەلۆنییەکە دەستبەردارییان دەبێت، لیستێکی حەفت یاریزانی دیاریکردووە بۆ ئەوەی لەم هاوینە لە یانەکە بڕۆن.
🔵🔴 El Barça descarta un central: Christensen antes que Araujo
📌 El Barça cuenta con exceso de jugadores y una de las decisiones técnicas es aligerar el eje defensivo; el uruguayo gusta más a Flick que el danés
✍️ @gbsans https://t.co/pOsvCFt0rG
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 23, 2025
موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکراشیکردووە، بارسێلۆنا بە هیچ شێوەیەک بیر لە فرۆشتنی ئینیگۆ مارتینێز ناکاتەوە، گەرچی دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشی و هانزی فلیک راهێنەری یانەکە لەسەر ئەوە کۆکن، دەبێت لەم هاوینە یاریزانێکی دڵی بەرگری بفرۆشن، بەڵام بیر لە فرۆشتنی ئینیگۆ مارتینێز و رۆناڵد ئاراوخۆ ناکەنەوە.
بەرپرسانی بارسێلۆنا بە هەریەکە لە ئۆریۆل رۆمیۆ و پاو ڤیکتۆر گوتراوە یانەیەکی دیکە بۆ خۆیان بدۆزنەوە و وەرزی داهاتوو لە کامپ نوو جێگایان نابێتەوە، جگە لەم دوو یاریزانە، ئانسو فاتی لە چوونی بۆ مۆناکۆی فەڕەنسی نزیکبووەتەوە و پابلۆ تۆرێ و ئیناکی پێنیاش لە رێگای چوونە دەرەوەیانن لە بلاوگرانا.
بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لەم هاوینە بتوانێت ناوی هەریەکە لە خوان گارسیا و نیکۆ ویڵیامس تۆمار بکات و لە یاسای دارایی خاوێن هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت، بڕیاریداوە یاریزانێکی دڵی بەرگری بفرۆشێت، لە نێوان ئاندریاس کریستیێنسن و رۆناڵد ئاراوخۆ یەکێکیان بەڕێ دەکرێت، کە بارسا گرێبەستی لەگەڵ خوان گارسیا واژۆ کرد و نزیکیشە نیکۆ ویڵیامس بباتە ریزەکانی.

بارسێلۆنا بەهۆی بەرزی مووچەکەی بەنیازە دەستبەرداری کریستیێنسن بێت، چونکە بەرگریکارە دانیمارکییەکە مووچەی ئێستای نۆ ملیۆن یۆرۆیە، هانزی فلیک هێشتا متمانەی بە ئاراوخۆ ماوە و دێکۆش لە دوایین دیمانەیدا دووپاتیکردەوە ئەوان دەستبەرداری بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکە نابن و وەرزی داهاتوو لە یانەکەیان بەردەوام دەبێت.
گەرچی وەرزی رابردوو ئاراوخۆ (26 ساڵان) بەهۆی پێکانەوە تەنیا بەشداریی 25 یاریی یانەکەی کرد و هاندەرانی یانەکە گلەییان لە ئاستی هەبوو، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە بڕیاریداوە بیهێڵێتەوە کە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو 2031 گرێبەستەکەی نوێکردەوە.
کریستیێنسن (29 ساڵان) تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بارسا ماوە و وەرزی رابردوو دوو جار تووشی پێکانی قورس بوو، تەنیا بەشداریی شەش یاریی یانەکەی کرد و لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 12 ملیۆن یۆرۆیە.