گارناچۆ بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک هەمووان شۆک دەکات
لە ئینستاگرام بڵاویکردووەتەوە

یاریگا –
ئالێخاندرۆ گارناچۆ، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد، سووتەمەنی بە دەنگۆکانی جێهێشتنی ئۆڵدترافۆرد دەکات.
دەمێکە باس لە چوونە دەرەوەی گارناچۆ لە مان یونایتد دەکرێت، بەڵام بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەک، دەنگۆکانی بردە قۆناخێکی دیکە.
یاریزانە ئەرجەنتینییەکە خەریکی بەسەربردنی پشووی هاوینەیە و چەند وێنەیەکی لە پلاتفۆڕمی ئینستاگرام بە پۆشینی درێسی ئاستۆن ڤیلای مارکوس راشفۆرد بڵاوکردەوە.
هەفتەی رابردوو مانچێستەر یونایتد رەتیکردەوە، روبن ئامۆریم، راهێنەری یانەکە داوای دۆزینەوەی یانەیەکی دیکەی لە گارناچۆ کردبێت.
گارناچۆ لە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ بەرامبەر تۆتنهام، هەڵایەکی گەورەی دروستکرد، کاتێک تاوەکو خوولەکی 71 ئامۆریم بەشداری بە یاریزانەکە نەکرد. دوای یارییەکە گارناچۆ روونیکردەوە؛
بەدڵنیاییەوە ئەم دۆخە بۆ هەمووان سەختە.
وەرزێکی قورسمان بەڕێکرد، نەمانتوانی لە پرێمەرلیگ لە کەس ببەینەوە. لە چەندین بابەتمان کەمبوو.
کاتێک ناتوانیت گۆڵ بکەیت، بەردەوام پێویستیت بە زیاترە تاوەکو گەیشتینە یاریی کۆتایی. بەشداری هەموو گەڕێکم کردووە و ئەمڕۆ تەنیا 20 خوولەک یاریم کرد… نازانم چی بڵێم.
هەوڵدەدەم چێژ لە پشووی هاوین وەربگرم و بزانم دواتر چی روودەدات.
