
یاریگا –
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی حوزەیران لە بەغدا لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق تیروپشکی دیاریکردنی شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی عێراق راکێشرا و کلاسیکۆی کوردستان لە زاخۆ بەڕێوەدەچێت.
هەر یەکە لە یانەکانی نەورۆز، زاخۆ، دهۆک، قوە جەوییە، تەڵەبە، شوڕتە، نەجەف و مینا خۆیان گەیاندووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی جامی عێراق و پێشتر رێڕەوی رووبەڕووبوونەوەیان دیاریکردبوو، ئەمڕۆش تیروپشک بۆ ئەو یاریگایانە کرا کە یارییەکانی لێ بەڕێوەدەچن.
بەگوێرەی تیروپشکەکە، زاخۆ و نەورۆز لە یاریگای زاخۆ رووبەڕوودەبنەوە و دهۆکیش لە یاریگای خۆی میوانداری مینا دەکات. سەرجەم یارییەکانی ئەم قۆناخە لە 8ـی تەممووز لە یەک کاتدا بەڕێوەدەچن.
هەروەها یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی لە 12ـی تەممووز بەڕێوەدەچن و یاریی کۆتاییش لە 16ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت.
زاخۆ x نەورۆز – یاریگای زاخۆ
دهۆک x مینا – یاریگای دهۆک
تەڵەبە x شوڕتە – یاریگای شوڕتە
قوە جەوییە x نەجەف – یاریگای قوە جەوییە