ئێمباپێ بەهۆی نەخۆشییەکەی ماوەیەکی زیاتر لە ریال مەدرید دادەبڕێت

یاریگا –
ئێمباپێ بەهۆی نەخۆشییەکەی ماوەیەکی زیاتر لە ریال مەدرید دادەبڕێت، سبەی ناتوانێت بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی بەردەست بێت.
رادیۆی کادێنا سێر ـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کیلیان ئێمباپێ سبەی لە یاریی بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان بێبەش دەبێت، تەنانەت ئەو هێرشبەرە فەڕەنسییە بۆ گەڕی سێیەمیش بەرامبەر رێد بول ساڵزبێرگی نەمسایی بەردەست نابێت.
رادیۆیە ئیسپانییەکە رایگەیاندووە، ئێمباپێ بەهۆی ئەو نەخۆشییەی لە گەدە و هەناوی تووشی بووە، ناتوانێت بەشداریی هیچ یارییەکی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام بۆ قۆناخی 16 دەگەڕێتەوە، کە ریال مەدرید لە کۆمەڵەی هەشتەم هاوشانی هیللای سعوودی، پاچوکای مەکسیکی و رێ دبول ساڵزبێرگی نەمسایی یاریی دەکات و لە گەڕی یەکەم 1-1 لەگەڵ هیلال یەکسان بوو.
دوو رۆژ لەمەوبەر یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئێمباپێ لە هەناو و گەدەیدا تووشی هەوکردنێکی توند بووە، لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، بۆ ئەوەی پشکنینی پزیشکی زیاتری بۆ بکرێت و چاودێری تەندروستییەکەی بکرێت، کە دواتر ئەو هێرشبەرە فەڕەنسییە نەخۆشخانەی بەجێهێشت.