
یاریگا –
بۆ یارییەکەی بەرامبەر گەڕمە، دهۆک دوایین ئامادەکاری خۆی لە یاریگای رەمادی کرد.
لە دوا یاریی گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک کاتژمێر 7ـی ئێوارە لە یاریگای رەمادی رووبەڕووی گەڕمە دەبێتەوە، ئەمیر ئەزرەفشان راهێنەری دهۆک دوای سێ یەکسان بوون و شکستێک دەیەوێت یەکەم سەرکەوتن لەگەڵ هەڵۆکانی چیا بەدەست بهێنێت.
بۆ ئەم یارییە دهۆک لە توانای هەریەک لە محەمەد سەعیدی بەرگریکار و پیتەر گۆرگیس بە هۆی گەڕانەوەی بۆ سوید و کەریم دەروێش هێرشبەری لوبنانی تیپەکەی بە هۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت، زانا عەلی ناوەڕاستکاریش بۆ چارەسەری پێکانەکەی گەڕاوەتەوە فەڕەنسا، ماڕلۆن سانتۆسی هێرشبەری بەڕازیلی تیپەکەش دوای چاکبوونەوەی لە پێکان بە تەواوی بۆ یارییەکە ئامادەیە.
دهۆک و گەڕمە لە مێژوودا یەک یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، یارییەکەش لە قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بوو کە دهۆک 3 _ 1 یارییەکەی بردەوە، دهۆک لە 34 یارییدا 54 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی شەشەمی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە کلاسیکۆی کوردستان رووبەڕووی هەولێر دەبێتەوە.