ریال مەدرید: ئێمباپێ تەندروستی تێکچووە و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە

یاریگا –
ریال مەدرید بەیاننامەیەکی لەبارەی تەندروستی کیلیان ئێمباپێ بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، هێرشبەرە فەرەنسییەکە تەندروستی تێکچووە و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەیاننامەیەکی لەبارەی تەندروستی کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە گەدە و هەناوی تووشی هەوکردن بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، کە بەهۆی تێکچوونی تەندروستی نەیتوانی لە یارییەکەی هیلال لە مۆندیالی یانەکان ئامادە بێت.
Parte médico de Mbappé.
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) June 19, 2025
یانەی ریال مەدرید لە بەیاننامەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئێمباپێ لە هەناو و گەدەیدا تووشی هەولردنێكی توند بووە، لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، بۆ ئەوەی پشکنینی پزیشکی زیاتری بۆ بکرێت و چاودێری تەندروستییەکەی بکرێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ زۆر نەخۆشە و ناتوانێت لە یاریی یەکشەممە بەرامبەر پاچوکا ئامادە بێت، کە یاریی داهاتووی ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکان رۆژی یەکشەممە کاتژمێر 10:00ـی شەو بەرامبەر پاچوکای مەکسیکی دەبێت، هێشتا بەفەرمی یەکلایی نەبووەتەوە ئێمباپێ بۆ ئەو یارییە ئامادە دەبێت یان نا.
ئێمباپێ لەگەڵ شاندی یانەکەی گەشتی ئەمریکای کردووە بۆ ئەوەی بەشداریی مۆندیالی یانەکان بکات، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەشی نەیتوانی بەرامبەر هیلال یاریی بکات کە هەردوولا 1-1 یەکسانبوون.