دوایین پەرەسەندن؛ بارسێلۆنا گرێبەستی نیکۆ ویڵیامس بەخێرایی تەواو دەکات
نیکۆ و بارسێلۆنا رێککەوتن..

یاریگا –
هەرچەندە ئاتلێتیک بیلباو رەتیدەکاتەوە کۆبوونەوەی فەرمی لە نێوان نوێنەرانی نیکۆ ویڵیامس و بارسێلۆنا کرابێت، بەڵام پێدەچێت هەموو شتێک بەخێرایی تەواوبێت.
هەینی رابردوو، فێلیکس تاینتا، بەڕێوەبەری کارەکانی ویڵیامس لە هۆتێلێکی بارسێلۆنا لەگەڵ دێکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی بارسێلۆنا کۆبووەتەوە و رۆژنامەی سپۆرت، رێککەوتنی کۆتایی نێوان هەردوولای پشتڕاستکردەوە.
😳 Nico Williams está dispuesto a hacer locuras por el Barça
✍️ @ferrancorreas https://t.co/k9ZK3kHtFM
— Diario SPORT (@sport) June 19, 2025
لەو کۆبوونەوەیدا، نوێنەری یاریزانە ئیسپانییەکە حەزی یاریزانەکەی بۆ یارییکردن بۆ بارسێلۆنا پشتڕاستکردەوە و لەوساتەوە بارسا هەموو هەوڵێکی بۆ تەواوکردنی گواستنەوەکە چڕکردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا تەواو خۆی یەکلاییکردووەتەوە و چیدیکە لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوولی ناوێت، بەو مەرجەی گواستنەوەی ویڵیامس بێکێشە تەواو ببێت.
بیلباو تەواوی هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ویڵیامس خستووەتەگەڕ، بەڵام ویڵیامس ئامادەیە بە مووچەیەکی کەمتر لە بارسێلۆنا رازیبێت، تەنیا بۆ ئەوەی درێسی یانەکە ببپۆشێت.
یانە باسکییەکە ئامادەیە مووچەی ساڵانەی ویڵیامس بۆ 10 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە، کەچی بارسێلۆنا ناتوانێت زیاتر لە هەشت ملیۆن یۆرۆ بە ئەستێرەکە بدات.
یاریزانە 22 ساڵانەکەی بیلباو تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ یانە باسکییەکە هەیە، مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بریتییە لە 58 ملیۆن یۆرۆ.
ئەستێرە لاوەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، وەرزی رابردوو لەگەڵ بیلباو لە 45 یاریدا 11 گۆڵ و 7 ئەسیستی کرد.