تەواو؛ ئارسیناڵ هێرشبەری نوێی یانەکەی یەکلایی کردەوە
لە نێوان یۆکێرێش و شێشکۆ بڕیاری کۆتایی درا

یاریگا –
ئارسیناڵ لەگەڵ بێنیامین شێشکۆ هێرشبەری لایپزیگ لەسەر بەندە کەسییەکانی گەیشتە رێککەوتن، هێرشبەرە سلۆڤینییەکە نزیکە ببێتە یاریزانی گەنەرز.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، ئارسیناڵی ئینگلیزی و بێنیامین شێشکۆ هێرشبەری لایپزیگ گەیشتوونەتە رێککەوتن، لەسەر تەواوی وردەکارییەکانی هێرشبەرە سلۆڤینییەکە گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، تەنیا ماوە ئارسیناڵ لەگەڵ لایپزیگ بگاتە رێککەوتن.
رۆژنامەی سپۆرت بیڵد ئاشکراشیکردووە، گەرچی هێشتا لایپزیگ لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە شێشکۆ داوای 80-100 ملیۆن یۆرۆ دەکات، بەڵام ئارسیناڵ بەنیاز لەم چەند رۆژەدا ئۆفەرێک پێشکەشی لایپزیگ بکات بۆ ئەوەی یانە ئەڵمانییەکە رازی بکات دەستبەرداری هێرشبەرە 22 ساڵانەکەی بێت.
ئارسیناڵ دەمێکە هەوڵ بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر یۆکێرێش هێرشبەری سویدی یانەی سپۆرتینگ لیسبۆن و بێنیامین شێشکۆ هێرشبەری سلۆڤینی یانەی لایپزیگ دەدات، تەنانەت ئۆفەرێکیشی پێشکەشی سپۆرتینگ لیسبۆن کردبوو، بەڵام هەرزوو یانە پۆرتوگاڵییەکە ئۆفەرەکەی رەتکردەوە.
پێشتر سیمین فیلیپس رۆژنامەنووسی بەریتانی بڵاویکردبووەوە، مایکڵ ئارتێتا راهێنەری ئارسیناڵ و ئاندریا بێرتا بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە لەسەر یۆکێرێش و شێشکۆ بۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئارتێتا دەیەوێت شێشکۆ بگوازنەوە و بێرتاش پپێیوایە یۆکێرێش بگوازنەوە باشترە.
پێشتر بێن جاکۆبس رۆژنامەنووسی بەریتانی ئاشکرایکردبوو، ئارسیناڵ لە مێرکاتۆی هاوینە و زستانەی رابردوو لەسەر هێڵ بوو بۆ ئەوەی شێشکۆ بباتە ریزەکانی، کە هەریەکە لە چێڵسی و لیڤەرپوولیش دەیانەوێت ئەم هاوینە هێرشبەرە 21 ساڵانەکە بگوازنەوە ریزەکانیان و نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەشی لە لایپزیگ 80 ملیۆن یۆرۆیە.
یۆکێرێش ئێستا لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 75 ملیۆن یۆرۆیە و لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 51 یاری 53 گۆڵ و 13 ئەسیستی کردووە، شێشکۆ لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی 65 ملیۆن یۆرۆیە و لەم وەرزە لەگەڵ یانەکەی لە 45 یاری 21 گۆڵ و 6 ئەسیستی کردووە.