خوان گارسیا چەند خولەکێک دوای ماڵاواییەکەی بە رەفتارێک هاندەران شۆک دەکات
هاندەرانی ئیسپانیۆلی تووڕە کردووە..

یاریگا –
خوان گارسیا، دوای ماڵاواییکردن لە یانەی ئیسپانیۆل بە رەفتارێکی چاوەڕواننەکراو هاندەرانی ئیسپانیۆل تووڕە دەکات.
وەک چاوەڕواندەکرا، کەمێک لەمەوبەر بەشێوەیەکی فەرنی گۆڵپارێزە ئیسپانییەکە لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام پەیامێکی بڵاوکردەوە و ماڵاوایی لە هاندەرانی یانەکەی کرد.
بەڵام ئەوەی چاوەڕواننەکراو بوو ئەوەبوو، گارسیا داوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکە وێنەیەکی خۆی لە هەژمارەکەی سڕییەوە کە لەو وێنەیە لۆگۆی ئیسپانیۆلی ماچ کردبوو.
دوای سڕینەوەی وێنەکە هاندەرانی ئیسپانیۆل لەو رەفتارە تووڕەن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هێرشی تووندی دەکەنەسەر، هاندەرانی بارسێلۆناش پێشوازی لێدەکەن و بە کاردانەوەکەی دڵخۆشن.
دوای فشاری زۆری هاندەران و ناوهێنانی بە خیانەتکار، گارسیا هەرزوو لە رەفتارەکەی پەشیمانبووەوە و وێنەکەی گەڕانەوە هەژمارەکەی.
بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل دوو یانەی سەر بە هەرێمی کاتالوونیان، بەدرێژایی مێژوو رکابەرییەکئ تووند لەنێوانیان هەبووە.
هاوکات یانەی ئیسپانیۆل بەشێوەیەکی فەرمی پشتڕاستیکردەوە، بڕی 25 ملیۆن یۆرۆیان وەک مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی گارسیا لەلایەن بارسێلۆنا بەدەستگەیشتووە و خوان پەیوەندی بە بارسا دەکات.