
یاریگا –
بێرناردۆ سیلڤا، ئەستێرەی پۆرتوگالی وەرزی داهاتووش لە مانچێستەر سیتی دەمێنێتەوە و دەبێتە کاپتن.
هەرچەندە تەنیا یەک ساڵ بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی سیلڤا ماوە، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە بڕیاریداوە گرێبەستەکەی هەڵنەوەشێنێتەوە و وەرزی داهاتووش لە یانەکە بمێنێتەوە.
هەشت وەرزە سیلڤا لە یاریگای ئیتیحاد یاریی دەکات، هەرچەندە چەندین یانە سعوودی بۆ گواستنەوەی هاتبوونە سەرهێڵ، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس، سیلڤا وەرزێکی دیکەش لە یانەکە دەمێنێتەوە.
تۆڕە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، بە ئەگەرێکی زۆر، سیلڤا دەبێتە کاپتنی یانەکە و دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی، پەیوەندی بە یانەیەکی سعوودی دەکات.
سیلڤا لە نوێترین لێدوانیدا روونیکردووەتەوە؛
بەدڵنیاییەوە وەرزی داهاتووش لە مان سیتی دەمێنمەوە. چەندین بژاردەم لەبەردەمدابوو، بەڵام دەمەوێت ساڵێکی دیکەش لە مان سیتی بمێنمەوە و گرێبەستەکەم تەواوبکەم.
دەزانم چی دەکەم، بەڵام ئێستا کاتی باسکردنی هەموو شتێک نییە. سەرنجی تەواوم لەسەر یارییەکانی مان سیتییە لە مۆندیالی یانەکان.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، مانچێستەر سیتی لە یاریگای لینکن فاینانشیاڵ فیڵد بەرامبەر ویداد کاسابلانکا یاریی دەکات.