
یاریگا –
پرێمەرلیگ خشتەی تەواوی یارییەکانی وەرزی 2025-26ی بڵاوکردەوە و رێکەوتی یارییە گەورەکان دەستنیشانکران.
دوای تەواوبوونی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ، دەستبەجێ ئامادەکارییەکانی مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات. بۆ وەرزی داهاتوو لیڤەرپوول هەوڵی پارێزگاریکردن لە نازناوەکە دەدات و یانەکانی لیدز یونایتد، بێرنلی و سەندرلاندیش میوانی نوێی خولەکەن.
یارییەکانی گەڕی یەکەم
مانچێستەر یونایتد لە یاریگای ئۆڵدترافۆرد میوانداری ئارسیناڵ دەکات و گەڕی یەکەم بەم لووتکەیە دەبێت.
مان یونایتد 17ی ئاب/ئۆگەست رووڕووی ئارسیناڵ دەبێتەوە، لە پێنج گەڕی سەرەتاش بەرامبەر مانچێستەر سیتی و چێڵسی یاریی دەکات.
کەتیبەی میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ لە شەش گەڕی یەکەمدا بەرامبەر یانەکانی لیدز یونایتد، لیڤەرپوول، نۆتینگهام فۆڕێست، مانچێستەر سیتی و نیوکاسڵ یونایتد دەبێتەوە.
لیڤەرپوولی پاڵەوان یەکەم یاریی وەرزی نوێ لە 15 ئۆگەست/ئاب لە ئانفیڵد رووبەڕووی بۆرنمس دەبێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مانچێستەر سیتی یەکەم یاریی لە 16ی ئۆگەست/ئاب بەرامبەر وۆڵڤز دەکات.
چێڵسی لە گەڕی یەکەمدا بەرامبەر کریستال پاڵاسی پاڵەوانی جامی FA دەکات، دووشەممەی هەمان هەفتە، لیدز یونایتد و ئێڤەرتن لە یاریگای ئیلاند رۆد یاریی دەکەن.
ئاستۆن ڤیلا لە یاریگای خۆی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد یاریی دەکات و سەندرلاند لە یاریگای رووناکی بەرامبەر وێستهام یاریی دەکات.
تۆتنهام یەکەم یاریی وەرزی نوێ لەژێر سەرپەرشتی تۆماس فڕانک لە یاریگای خۆی بەرامبەر بێرنلی یاریی دەکات. برێنتفۆرد لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر نۆتینگهام فۆڕێست یاریی دەکات و فولهامیش میوانداری برایتن دەکات.
کەی وەرزی نوێ دەستپێدەکات؟
یارییەکانی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ لە 15ی ئۆگەست/ئابی 2025 دەستپێدەکات. یاریی کردنەوەی خولی وەرزەکانی رابردوو، رۆژانی هەینی دەکرا.
83 رۆژ دوای تەواوبوونی یارییەکانی وەرزی رابردوو، پرێمەرلیگی وەرزی نوێ دەستپێدەکات. بەرپرسێکی باڵای پرێمەرلیگ بە سکای سپۆرتس رادەگەیەنێت، وادەی دەستنیشانکراو بۆ پشووی یاریزانان زۆر گونجاوە.
33 گەڕی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ لە رۆژانەی شەممە و یەکشەممە دەکرێن و پێنج گەڕیش لە ناوەڕاستی هەفتە دەکرێن.
بەگوێرەی یاساکانی پرێمەرلیگ، نابێ وادەی نێوان بەڕێوەچوونی دوو گەڕ لە 60 کاتژمێر کەمتربێت و هیچ یارییەکەیش لە جەژنەکانی کریسمس بەڕەوەناچێت.
کەی وەرزی نوێی پرێمەرلیگ کۆتاییدێت؟
دوا گەڕی وەرزی 2025-26ی پرێمەرلیگ لە 24ی مایس/ئایاری 2026 بەڕێوەدەچێت و دواتر دەستبەجێ یاریزانانی بەشدار لە مۆندیالی 2026، پەیوەندی بە هەڵبژاردەکانیان دەکەن. یارییەکانی دوا گەڕی پرێمەرلیگ وەکو هەمیشە لە یەک کاتدا دەکرێن.


