
یاریگا –
زاخۆ دوایین یەکەی مەشقی خۆی کرد و بۆ یارییەکەی بەرامبەر نەجەف ئامادەکارییەکانی کۆتایی پێهێنا.
چوارشەممە ( 18ـی حوزەیرانی 2025 ) لە گەڕی 36ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کاتژمێر 9:30ـی شەو زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، ئەم یارییە یەکەم یاریی عەبدولغەنی شەهد راهێنەری زاخۆیە بەرامبەر نەجەف دوای ئەوەی دوو وەرز راهێنەرایەتی نەجەفی کرد.
بۆ ئەم یارییە زاخۆ لە توانای مۆیسس وۆڵشیکی بەرازیلی بێبەش دەبێت دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە هەڵوەشاندەوە، ئەمجەد عەتوان بە تەواوی چاکبۆتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە پێکهاتەی سەرەکی یاریی بکات، محەمەد ئەبوعەشیشی ئوردنی دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی گەیشتە مۆندیال بە فەرمی پەیوەندی بە مەشقەکانی زاخۆوە کردەوە.
زاخۆ و نەجەف 23 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ لە پێنج یارییدا براوە بووە و نەجەفیش هەشت سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، کوڕانی خابوور 17 گۆڵیان تۆمار کردووە و نەجەف 20 گۆڵی کردووە.
بە دەستهێنانی یەک خاڵ لە سێ یاریی داهاتوودا زاخۆ لە ریزبەندی سێیەم کۆتایی بەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دەهێنێت، زاخۆ 66 خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەم و نەجەف 42 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.