
یاریگا –
پیتەر گورگیس لە یانەی دهۆک یاخیبووە و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی یانەکەی گەڕاوەتەوە سوید، بەنیاز نییە بگەڕێتەوە یانەکەی و دهۆکیش سکاڵای لەسەر تۆمار دەکات.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، پیتەر گورگیس ناوەڕاستکاری دهۆک دوای یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق نەگەڕاوەتەوە راهێنانەکانی یانەکەی و گەشتی سویدی کردووە، بەبێ ئەوەی رەزامەندیی یانەکەی وەربگرێت مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی بەجێهێشتووە و ئەمشەو بۆ یاریی بەرامبەر مینا ئامادە نابێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، پیتەر گورگیس بڕیاریداوە چیدیکە نەگەڕێتەوە ریزەکانی دهۆک و بەیەکجاریی یانەکەی بەجێهێشتووە، لەکاتێکدا هەڵۆیەکانی چیا هێشتا پێنج یاریی چارەنووسسازیان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ماوە و ئەمشەو لە یاریگای خۆیان میوانداریی مینا دەکەن.
پیتەر گورگیس لە چەند رۆژی رابردوو لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام نووسیبووی :’من ئەوەی لەتوانامدا هەبوو پێشکەشم کرد، بۆ پیاهەڵدانم نەبوو، بەڵکو لە خۆشەویستیم بوو، کەچی هەموو ئەو شتانەیان لەیاد کردووە کە بۆم کردن’.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، پیتەر گورگیس ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە و یانەی دهۆک بڕیاری داوە ئەگەر ئەو یاریزانە نەگەڕێتەوە ئەوا سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، کە ناوەڕاستکارە 24 ساڵانەکە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆک کرد و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ مەسعود میڕال راهێنەری پێشووی دهۆک هەبوو.
گورگیس کە لە بۆرسەی یاریزانان بەهای 400 هەزار یۆرۆیە، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 24 یاری 7 گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە و نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداویشی لەگەڵ دهۆک بردەوە.