تەواو؛ بارسێلۆنا هەڵویستی خۆی لەبارەی داهاتووی ئاراوخۆ یەکلایی کردەوە

یاریگا –
بارسێلۆنا لەبارەی ئاراوخۆ بڕیاری خۆی داوە و بە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکەی راگەیاندووە یانەیەکی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
ئێدواردۆ ئیندا رۆژنامەنووسی ئیسپانی سەرنووسەری ماڵپەڕی OK DIARIOـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا هەڵوێستی خۆی لەبارەی رۆناڵد ئاراوخۆ یەکلایی کردووەتەوە و بە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکەی راگەیاندووە، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوو یانەیەکی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەبێتە 60 ملیۆن یۆرۆ.
El Barça le ha dado 10 días a Araujo para buscar equipo: piden 60 millones
https://t.co/EFVE5ybToq— Eduardo Inda (@eduardoinda) June 17, 2025
رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا بە بەرگریکارە ئۆرۆگواییەکەی راگەیاندووە، لە ماوەی رۆژانی 1 تاوەکو 10ـی یۆلیۆ یانەیەکی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت سوود لە پارەی فرۆشتنی ئاراوخۆ وەربگرێت، کە لە مێرکاتۆی زستانە سەرەتای ئەمساڵ نزیکبوو بچێتە ریزەکانی یوڤێنتوس.
ئێدواردۆ ئیندا راشیگەیاندووە، بارسا لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە تواناکانی بەرگریکارەکەی داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکات و ئامادە نییە کەمتر لەو نرخە بیفرۆشێت، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت بە پارەی فرۆشتنی ئاراوخۆ بتوانێت پارەی کڕینی نیکۆ ویڵیامس دابین بکات کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی هێرشبەرە ئیسپانییەکە لە ئاتلێتیک بلباو 58 ملیۆن یۆرۆیە.
ئاراوخۆ لەم وەرزە تەنیا بەشداریی 25 یاریی کرد و لە زۆربەی یارییەکان یەدەک بوو، هانزی فلیک زیاتر متمانەی بە ئینیگۆ مارتینێز و پاو کوبارسی هەیە، بۆیە بڕیاریداوە دەستبەرداری ئاراوخۆ بێت کە ئەم وەرزە ئاستی دابەزیوە و هاندەرانی بارسێلۆنا گلەییان لێی هەیە.
هاوینی رابردوو نرخی بەرگریکارە 26 ساڵانەکە لە بۆرسەی یاریزانان گەیشتە 70 ملیۆن یۆرۆ، کەچی ئێستا بەهای ئەو یاریزانە تەنیا 35 ملیۆن یۆرۆیە، سەرەتای ئەمساڵ گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2031 لەگەڵ بلاوگرانا نوێکردەوە، ئاراوخۆ بە درێسی بارسێلۆنا لە 175 یاری 10 گۆڵ و 7 ئەسیستی کردووە.