
یاریگا –
پێش یارییەکەی مینا، دهۆک هەواڵێکی ناخۆشی پێگەیشت و ئەستێرەیەک ریزی تیپەکەی جێهێشت.
سێ شەممە ( 17ـی حوزەیرانی 2025 ) لە یارییەکی دواخراوی گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، کاتژمێر 10ـەی شەو دهۆک میوانداری مینا دەکات، چوارەم یارییە دهۆک بە سەرپەرشتی ئەمیر ئەزرەفشان یاریی دەکات کە لە سێ یاریی رابردوودا دوو یەکسان بوون و شکستێکی هەیە.
پێش ئەم یارییە یانەی دهۆک گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، پیتەر گۆرگیس ئەستێرەی تیپەکەی هەڵۆکانی چیا بەبێ پرسی دەستەی کارگێڕی و راهێنەر ریزی تیپەکەی جێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سوید، تا ئێستا هۆکاری رۆیشتنی یاریزانەکە ئاشکرا نەکراوە.
جگە لە پیتەر گۆرگیس هەریەک لە محەمەد سەعید و زانا عادل بۆ ئەم یارییە بە هۆی پێکانەوە ئامادە نابن، مارلۆن سانتۆسی بەرازیلیش دوو رۆژە بەشداری مەشقەکانی کردووە دوای ئەوەی لە پێکان چاکبۆتەوە، بەشداریکردنی لەم یارییە پێش یارییەکە بڕیاری لەسەر دەدرێت.