
یاریگا –
وێڕای سەرکەوتنیان بەرامبەر نەفتی بەسڕە، یاریدەدەری راهێنەری زاخۆ دەڵێت یەکێک لە قوڕسترین یارییەکانی ئەم وەرزمان تێپەڕاند.
لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، زاخۆ 2 _ 1 لە نەفتی بەسڕەی بردەوە و چوارەم سەرکەوتن بوو لە شەش یاریی رابردوو لە ژێر سەرپەرشتی عەبدولغەنی شەهدی راهێنەر، یاریدەدەری راهێنەری زاخۆ دەڵێت یەکێک لە قوڕسترین یارییەکانی ئەم وەرزەمان بەسەرکەوتن کۆتایی پێهێنا.
حەیدەر نەجم، یاریدەدەری راهێنەری زاخۆ دوای یارییەکە دەربارەی ئاست و ئەنجامی یارییەکە گوتی:
سوپاسی هاندەرانمان دەکەین کە بەشێوەیەکی زۆر باش پاڵپشتی یاریزانەکان دەکەن، ئەم سەرکەوتنەیان پێشکەش بێت، بە هۆی ریزبەندی نەفتی بەسڕە کە کێبڕکێی مانەوە دەکات لە خولەکە، یەکێک لە قوڕسترین یارییەکانی ئەم وەرزەمان بە سەرکەوتن تێپەڕاند، گۆڵی سەرەتای نەفتی بەسڕە تووشی پاڵەپەستۆی کردین، بەڵام توانیمان لە کۆتاییدا ئەنجامەکە لە بەرژەوەندی خۆمان تەواو بکەین، ئەم سەرکەوتنە گرنگی تایبەتی هەبوو کە توانیمان ریزبەندی سێیەم بەهێزتر بکەین.
بەم سەرکەوتنە زاخۆ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 66 خاڵ و لە ریزبەندی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، یاریی داهاتووش لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە.