راپۆرتی تایبەتفه‌ره‌نساگرنگترین

راپۆرتی تایبەت؛ ڤیتینیا هاوشێوەی رۆدری شایستەی باڵۆن دۆرە نەوەک دێمبێلێ و یامال

یاریزانان و راهێنەران بڕوایان وایە ڤیتینیا شایستەی باڵۆن دۆری ئەمساڵە

Yariga App

یاریگا –

بەشێک لە یاریزانان و راهێنەران بڕوایان وایە ڤیتینیا شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵە نەوەک لامین یامال و عوسمان دێمبێلێ کە بە بەربژێری سەرەکی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دادەنرێن.

رۆژنامەی مارکا ـی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا ئامار و بۆچوونی ئەو یاریزان و راهێنەرانەی لە راپۆرتێکی تایبەتدا بڵاوکردووەتەوە، کە بڕوایان وایە ڤیتینیا ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی پاریس سانجێرمان شایستەی ئەوەیە هاوشێوەی رۆدری تۆپە زێڕینەکە بەدەست بهێنێت.

ڤیتۆر ماچادۆ فێرێرا ناسراو بە ڤیتینیا (25 ساڵ) ئەم وەرزە لەگەڵ پاریس سانجێرمان نازناوەکانی چامپیۆنزلیگ، خول و جامی فەڕەنسای بەدەستهێنا و لەگەڵ پۆرتوگاڵ نازناوی نەیشنزلیگی بەدەستهێنا، بەشێک لە یاریزانان و میدیاکاران بڕوایان وایە شایستەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆرە.

ڤیتینیا لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە وەرزی 2024/2025 لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 52 یاری 7 گۆڵ و 3 ئەسیستی کرد و 3 نازناوی بەدەستهێنا.

لویس ئێنریکی و رۆبیرتۆ مارتینێز: ڤیتینیا شایستەی باڵۆن دۆرە

لوکا مۆدریچ ناوەڕاستکاری کڕواتی یانەی ریال مەدرید لەبارەی ڤیتینیاوە دەڵێت :’من زۆر ڤیتینیام خۆش دەوێت، یاریزانێکی زۆر رێکخەرە، وا دەکات تیمەکەی زۆر بەباشی یاریی بکات، یەکێکە لە باشترین ناوەڕاستکارەکانی جیهان ئەگەر باشترین نەبێت’.

ئۆوین هارگریڤز ناوەڕاستکاری پێشووی بایرن میونشن و مانچێستەر یونایتد دەڵێت :’ڤیتینیا بە شێوازی یاریکردنەکەی لوکا مۆدریچم بیر دەهێنێتەوە، زۆر بە ئاسانی رکابەرەکانی تێدەپەڕێنێت و ئەستەمە بوەستێنرێت، گەیشتووەتە ئاستێک رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر دەکات، لەوانەیە من کەمێک لایەنگیری ناوەڕاستکاران بم، بەڵام بە بڕوای من دوای بەدەستهێنانی نازناوی نەیشنزلیگ شایستەی باڵۆن دۆرە’.

رۆبن دیاز بەرگریکاری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ و یانەی مانچێستەر سیتی لەبارەی هاونیشتیمانەکەی دەڵێت :’ئەم وەرزە ڤیتینیا توانای خۆی بۆ هەمووان سەلماند و سەلماندی شایستەی ئەوەیە بیر لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بکاتەوە و دەشتوانێت بەدەستی بهێنێت’.

رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگاڵ لەبارەی ناوەڕاستکارەکەی هەڵبژاردەکەی دەڵێت :’ئەو نازناوانەی لەم وەرزە بەدەستی هێناون دەیسەلمێنن شایستەی باڵۆن دۆرە، یاریزانێکی سەرەکی پاریس سانجێرمانە و رۆڵێکی کاریگەری لە بەدەستهێنانی نازناوەکان هەبوو، بە بڕوای من شایستەی باڵۆن دۆرە’.

لویس ئێنریکی راهێنەری پاریس سانجێرمان لەبارەی ناوەڕاستکارەکەی یانەکەی دەڵێت :’هەندێکجار کە یاریی ڤیتینیا دەبینم بیر دەکەمەوە و بەخۆم دەڵێم، ئەمە تەکتیک و پلانەکانی من نین، ئەمە یاریی پلەیشتەیشنە، جلەوی یاریگا دەگرێتە دەست و وەکو ئەوەی لە ژوورەکەی بێت بەناو یاریگادا دێت و دەچێت، ئەگەر رۆدری وەرزی رابردوو شایستەی باڵۆن دۆر بوو بێت، ئەوا ئەم وەرزەش ڤیتینیا شایستەی خەڵاتەکەیە’.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاپتنی پۆرتوگاڵ یەکێکی دیکەیە لە لایەنگرانی ڤیتینیا و بە شایستەی باڵۆن دۆری دەزانێت، دۆن لەبارەی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆر دەڵێت :’بە بۆچوونی من دەبێت باڵۆن دۆر بە یاریزانێک بدرێت نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەست هێنابێت، ناتوانم یاریزانێکی دیاریکراو هەڵبژێرم، بەڵام چەند بەربژێرێک هەن، وەکو لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ و عوسمان دێمبێڵێ و ڤیتینیا’.

دێمبێلێ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەستی بە بانگەشە کرد

بابەتی زیاتر

Back to top button