
یاریگا –
دێمبێلێ لە ئێستاوە بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەستی بە بانگەشە کرد و داوا لە دەنگدەران دەکات بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەنگی پێبدەن.
عوسمان دێمبێلێ هێرشبەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی لیکیپ ـی فەڕەنسی لەبارەی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەڵێت :’هیوادارم لەو سێ بەربژێرە بم کە کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر دەکەن، هەژمارکردنی من وەکو بەربژێرێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتەکە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ من، بەڵام دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان ئەم خەڵاتە هەر بەدەست بهێنم’.
دێمبێلێ کە وەرزی رابردوو لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان لە 49 یاری 33 گۆڵ و 13 ئەسیستی کرد و سیانەی بەدەستهێنا، دەڵێت :’وابزانم ئەم وەرزە ئاستێکی بەرزم پێشکەش کرد، با بزانین چی روودەدات، بەدەستهێنانی باڵۆن دۆر بۆ هەر یاریزانێک شانازییە، هەموو یاریزانێک لە منداڵییەوە خەون بە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە دەبینێت’.
هێرشبەرە فەڕەنسییەکە لە پەیامێکی بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەی دەنگ بۆ باڵۆن دۆر دەدەن، دەڵێت :’هەموو کەسێک بیر لەو شتە دەکاتەوە کە دەیەوێت، هەموو کەسێک دەنگ بەو کەسە دەدات کە دەیەوێت، ئەگەر ئێوە عوسمان دێمبێلێتان بەدڵە دەنگم پێبدەن، ئەگەر منیشتان بەدڵ نییە، ئەوا ژیان بەردەوامە، بزانین لە داهاتوو چی روودەدات’.
عومان بە سەرسامییەوە باسی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر دەکات و دەڵێت :’بیرمە کاتێک لە بەرنامەی تێلیفووت لە کەناڵی TF1ـی فەڕەنسی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر پەخش دەکرا، کاتێک دەمبینی یاریزانەکان دەچوون بۆ ئەوەی باڵۆن دۆر بەدەست بهێنن شتێکی بێ وێنەیە’.
کەی بەربژێرەکان ئاشکرا دەکرێن و کەی خەڵاتەکە دابەش دەکرێت؟
گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ و رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی وادەی ئاشکراکردنی لیستی بەربژێرەکان و کاتی رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆریان بەفەرمی راگەیاندووە.
فڕانس فوتبۆڵ و لیکیپ کە بە هاوبەشی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر دابەش دەکەن، رایانگەیاندووە رۆژی 7ـی ئۆگێست/ئاب لیستی بەربژێرەکانی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان رادەگەیەنن کە لە 30 یاریزان پێک دێت و لێژنەیەکی تایبەت ئەو بەربژێرانە دەستنیشان دەکەن.
رۆژی 22ـی سێپتێمبەر/ئەیلوولی 2025 رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر لە پاریس ساز دەکرێت.
کێ بۆ یەکلاکردنەوەی براوەی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر دەنگ دەدات؟
سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری فڕانس فوتبۆڵ و رۆژنامەی لیکیپ لیستی کۆتایی بەربژێرەکانی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر دەستنیشان دەکەن، 100 رۆژنامەنووس لە 100 وڵاتی جیاواز دەنگ بۆ بەربژێرەکان دەدەن، کە ئەو 100 وڵاتەی لە ریزبەندیی فیفا لە سەرووی لیستەکە دێن نوێنەریان دەبێت بۆ دەنگدان بۆ دیاریکردنی براوەی باڵۆن دۆر، هەر رۆژنامەنووسێک لەو 30 یاریزانەی بەربژێر دەکرێن مافی هەیە دەنگ بۆ 10 بەربژێر بدات و بەگوێرەی ریزبەندییان خاڵ بەسەریان دابەش دەکرێت.
یەکەمی لیستەکە لەو 10 یاریزانەی لەلایەن رۆژنامەنووسەکان هەڵدەبژێردرێن، 15 خاڵی پێدەدرێت، پلەی دووەم 12 خاڵ و پلەی سێیەم 10 خاڵی پێدەدرێت، پلەکانی چوارەم و پێنجەم و شەشەم و حەفتەم و هەشتەم و نۆیەم و دەیەم 8, 7, 5, 4, 3, 2 و 1 خاڵیان پێدەدرێت.