ئەو یاریزانەی چاوەڕێ دەکرا ببێتە مێسییەکی دیکە؛ کەس ئانسو فاتی ناوێت و لە بارسێلۆنا بووەتە بەڵا
مۆناکۆ و بارسێلۆنا دەستیان بە گفتوگۆ کردووەتەوە

یاریگا –
کەس ئانسو فاتی ناوێت و لە بارسێلۆنا بووەتە بەڵا، یانە ئیسپانییەکە جارێکی دیکە لەگەڵ مۆناکۆ دەستی بە گفتوگۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی یاریزانە ئیسپانییەکە بفرۆشێتە مۆناکۆ.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ـی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا و مۆناکۆ لەبارەی ئانسو فاتی دەستیان بە گفتوگۆ کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە لاوە ئیسپانییە بچێتە ریزەکانی یانە فەڕەنسییەکە، بەڵام هەردوولا لەسەر دابەشکاری مووچەکەی رێکناکەون.
👥 Barça y Mónaco retoman la negociación para desencallar la salida de Ansu
✍ @martinezferran https://t.co/2L8Ajljk44
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) June 15, 2025
بەگوێرەی زانیارییەکانی موندۆ، بارسێلۆنا داوا دەکات فاتی بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک بچێتە مۆناکۆ و یانە فەڕەنسییەکە ٪80ـی مووچەکەی بدات، بەڵام یانە فەڕەنسییەکە ئامادە نییە ٪30ـی مووچەکەی زیاتر بەو هێرشبەرە 22 ساڵانە بدات، لەوانەیە لە کۆتاییدا بارسێلۆنا ناچار بێت ٪60ـی مووچەکەی فاتی بدات و مۆناکۆش ٪40ـی بدات.
یەکێکی دیکە لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان بارسێلۆنا و مۆناکۆ لەبارەی گرێبەستی ئانسو فاتی بەندی کڕینەوەی یاریزانەکەیە، بارسێلۆنا دەیەوێت هەرچۆنێک بێت لە ئێستاوە فاتی لەکۆڵ خۆی بکاتەوە و لە گرێبەستەکەی بەندێک جێگیر بکرێت کۆتایی وەرزی داهاتوو یانە فەڕەنسییەکە ناچار بێت بەرامبەر 15 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بکڕێتەوە، بەڵام یانە فەڕەنسییەکەش دڵنیا نییە و داوای کردووە بەندی کڕینەوەی یاریزانەکە لە هاوینی 2026 ئارەزوومەندانە بێت نەوەک ناچاری.
فاتی تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە و لە بۆرسەی یاریزانان بەهای ئەو یاریزانە ئیسپانییە 5 ملیۆن یۆرۆیە لەکاتێکدا پێشتر بە مێسی بچووک ناوزەد دەکرا و چاوەڕێ دەکرا ببێتە یەکێک لە ئەستێرە گەورەکانی بارسێلۆنا، کە لەگەڵ بارسا لە 123 یاری 29 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە، کە وەرزی 2023/2024 بە خواستن یاریی بۆ یانەی برایتنی ئینگلیزی دەکرد.