سەرۆکی فیفا: داهاتی تاکە یاریی مۆندیالی یانەکان بێوێنەیە
ئینفانتینۆ باس لە داهاتی گەورەی مۆندیالی یانەکان دەکات

یاریگا –
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ دووپاتیدەکاتەوە، مۆندیالی یانەکان سەرنجی هەمووان رادەکێشێت.
ئینفانتینۆ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پلاتفۆڕمی دازن ‘Dazn’ روونیکردەوە، ئەم وەشانەوەی مۆندیالی یانەکان، وەبەرهێنان لە جیهانی تۆپی پێ و یانەکان زیاد دەکات.
سەرپەرشتی تۆپی پێی ئەوروپام دەکرد و چەندین یانەی گەورە رکابەری لە پاڵەوانیەتییەکانیدا دەکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا هەستمکرد، هیچ شانۆیەکی سەرنجڕاکێش بۆ یانەکانی دەرەوەی ئەوروپا نییە.
بۆ پێشخستنی تۆپی پێ، پێویستیمان بە پاڵەوانیەتییەکی جیهانی بوو، تاوەکو دەرفەت بە هەموو یانەکان بدات، وەبەرهێنان بکەن و بەهرەمەندی نوێ بدۆزنەوە.
دەمانەوێت تۆپی پێ ببێتە وەرزشێکی نێودەوڵەتی راستەقینە، هەرچەندە وەرزشی ژمارە یەکە.
32 یانە بەشداربووەکەی مۆندیالی یانەکان، نوێنەرایەتی 20 وڵات دەکەن و ئینفانتینۆ پێی وایە، ئەمە باشترین دەرفەتە، تاوەکو یاریزانان تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.
سەرۆکی فیفا باسی لە داهاتی گەورەی مۆندیالی یانەکان کرد؛
داهاتی هەر یارییەکی مۆندیالی یانەکان بریتییە لە 30 ملیۆن دۆلار لە کۆی دوو ملیار دۆلاری داهاتی گشتی. پێموانییە هیچ داهاتی هیچ یاریی پاڵەوانیەتییەکی دیکەی جیهان ئەمجۆرە داهاتەی هەبێت.
مۆندیالی یانەکان بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بە یاریی نێوان ئەهلی و ئینتەر مەیامی 0-0 دەستیپێکرد و تاوەکو 15ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.