
یاریگا –
بە ئامانجی کردنەوەی گرێ کوێرەکەی، هەولێر لە دێڕبی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق رووبەڕووی نەورۆز دەبێتەوە.
لە گەڕی 35ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، شەممە ( 14ـی حوزەیرانی 2025 ) لە دێڕبی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریڕی کاتژمێر 8:30ـی شەو رووبەڕووی نەوڕۆر دەبێتەوە.
لە یانەی نەورۆز راستگۆ فەریق بە هۆی پێکانەوە بەشداری ناکات، محەمەد زوڕیقاتی ئوردنیش دوای ئەوەی بە هۆی پێکان لە دوو یاریی رابردوو بەشداری نەکرد بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادە دەبێت، لە یانەی هەولێریش تەنها فرانک سیدریک و هالیسۆن پادیلها و خالید کردەغلی وەک یاریزانی پیشەگەر ئامادە دەبن، هەولێر بەبێ رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید و هیلیۆ مۆنتێڕۆ و هیگۆر ڤیداڵ و یوسف بن سۆدە یاریی دەکات دوای ئەوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەولێر کۆتایی هات.
هەولێر و نەورۆز لە مێژوودا حەفت یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر تەنها یەک یاریی بردۆتەوە کە لە 10 _ 1 _ 2022 بوو کە 4 _ 2 براوە بوو، نەورۆزیش سێ یاریی براوە بووە و لە سێ یارییش یەکسان بوونە، کوڕانی قەڵا و منارە 10 گۆڵیان تۆمار کردووە و سوورپۆشەکانی سلێمانیش 11 گۆڵیان تۆمار کردووە،
بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ هەولێر لە ریزبەندی 12دێت و گەڕی داهاتووش دەبێتە میوانی قوەجەوییە، نەورۆز 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 13ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت، لە گەڕی داهاتووش لە سلێمانی بەرامبەر کەربەلا یاریی دەکات.