بێکهام نازناوی شاسواری بەریتانیای بەدەستهێنا
یەکێکە لە باشترین وەرزشڤانانی مێژوو

یاریگا –
دەیڤد بێکهام، ئەفسانەی ئینگلتەرا نازناوی شاسواری لەلایەن شا چارلزی سێیەم وەرگرت.
چەندین ساڵە، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و مانچێستەر یونایتد، بۆ وەرگرتنی نازناوی شاسوار پاڵێوراوە، بەتایبەت دوای رۆڵگێڕانی لە بەدەستهێنانی مافی میوانداریکردنی یارییەکانی ئۆڵێمپی ساڵی 2012.
بێکهام لە دوای وازهێنانی لە یاریی لە ساڵی 2013، لە رێچکەی وەرزشی و بازرگانی بەردەوامبوو، ئێستا یەکێکە دیارترین کەسایەتییەکانی خولی ئەمریکا، دوای ئەوەی توانی ئەستێرەی وەکو لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز پەلکێسی ئەمریکا بکات.
بێکهام لە دوای وەرگرتنی نازناوی شاسوار قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی بەریتانیا کرد؛
لە رۆژهەڵاتی لەندەن و لەگەڵ باوانی بەریتانی گەورەبووم، باوانم شانازی بە بەریتانی بوونی خۆیانەوە دەکەن. پێشتر هەرگیز پێشبینی بەدەستهێنانی ئەم نازناوەم نەدەکرد.
سەرکردایەتیکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانی، شەڕەفێکی گەورەی کاروانی وەرزشی منە و لە منداڵییەوە خەونم پێوە دەبینی.
بەختم یاوەرە، چونکە دەرفەتی نوێنەرایەتیکردنی بەریتانیام لە جیهان هەیە. زۆر شانازی بە وەرگرتنی نازناوەکە دەکەم.
لە دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، بێکهام و ڤیکتۆریای هاوژینی بە فەرمی لەلایەن شا چارلز و شاژنە کامیلا بانگهێشتی کۆشکی بەکینگهام کران. ئەمەش هاوکاتبوو لەگەڵ سەردانی شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەڕ بۆ بەریتانیا.
بێکهام لە ساڵی 2003 و لەژێر سەرکردایەتی شازنە ئێلیزابێسی دووەم، نیشانەی ئێمپراتۆری بەریتانیا (OBE) بەدەستهێنا. بێکهام بۆ ماوەی 20 ساڵ باڵیۆزی یونیسێف بۆ نیازپاکی بوو، هەروەها خەڵاتی کریستاڵی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی بردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی رۆڵگێڕانی لە بواری مافەکانی منداڵ.
بێکهام بەدرێژایی کاروانی وەرزشی، 19 نازناوی سەرەکی لەگەڵ مان یونایتد، ریال مەدرید، لۆس ئانجلێس گالاکسی، ئەیسی میلان و پاریس سانجێرمان بەدەستهێنا.
بێکهام شەش ساڵ کاپتنی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بوو، 115 یاریی لەگەڵ وڵاتەکەی بردەوە و خاوەن سێیەم زۆرترین بەشدارییە لە مێژووی ئینگلتەرا.
بێکهام یەکەم یاریزانی ئینگلیزییە لە سێ مۆندیالی جیاوازدا گۆڵ بکات، هەروەها یەکەم یاریزانی ئینگلیزییە 100 یاریی لە چامپیۆنزلیگ کردبێت.
ئەفسانە ئینگلیزییەکە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ کۆمەڵەی 92ی مانچێستەر یونایتد (پۆڵ سکۆڵز، نیکی بەت، راین گیگز، گاری نێڤڵ) هەیە. لە ساڵی 2014 پێکەوە یانەی سالفۆرد سیتییان کڕیەوە.
بێکهام لە ساڵی 2014 نیازی دامەزراندنی یانەی ئینتەر مەیامی ئاشکراکرد. دواتر لەگەڵ کۆمەڵەی مارست کارەکانی دەستپێکرد و لە ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار بەشداری خولی ئەمریکای کرد. ئێستا بەهای یانە ئەمریکییەکە بەگوێرەی داتاکانی گۆڤاری فۆڕبس دەگاتە 1.2 ملیار دۆلار.