
یاریگا –
یانەی تۆتێنهام راهێنەری نوێی ناساند، ئەوەش دوای جیابوونەوەیان لە ئانج پۆستێکۆگلوی ئوسترالی.
تۆتێنهام وەرزێکی کارەساتباری لە پرێمەرلیگ بەسەربرد کاتێک لە پلەی 17ی ریزبەندییەکە کۆتایی بە خولی ئینگلیزی هێنا. ئەگەرچی پۆستێکۆگلو توانی بۆ یەکەمین جار لەدوای 17 ساڵ سپێرز بە نازناوێک شادبکاتەوە کاتێ یانەکەی کرد بە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ، بەڵام ئەوە دادی نەدا بۆ بەخشینەوەی متمانە لەلاین کارگێڕی یانە لەندەنییەکەوە، هەر بۆیە لەدوای دوو وەرز جیابوونەوەیان راگەیاند.
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی فەرمی لە پێگەکانی سۆشیاڵ مێدیای تۆتێنهام، تۆماس فرانک دەبێتە راهێنەریان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گرێبەستیان لەگەڵ راهێنەرە دانیمارکیەکە تا ساڵی 2028 دەبێت.
We are delighted to announce the appointment of Thomas Frank as our new Head Coach on a contract that runs until 2028.
Welcome, Thomas! 🤍
— Tottenham Hotspur (@SpursOfficial) June 12, 2025
فرانک لە بواری راهێنەرایەتیدا لە ساڵی 2008 دەرکەوت کاتێک تیمی خوار 16 ساڵانی وڵاتەکەی وەرگرت. دواتریش خوار 17 ساڵان و 19 ساڵانیشی بەڕێوەبرد پێش ئەوەی لە 2013 یانەی برۆندبای دانیمارکی وەربگرێت.
ناوی ئەو زیاتر لەگەڵ یانەی برێنتفۆردی ئینگلیزی و بەتایبەت لە وەرزی رابردوو ناسێنرا. دوای ئەوەی ماوەی 7 ساڵ ئەو یانە ئینگلیزیەی بەڕێوەبرد، وەرزی رابردوو لە باشترین ئەنجامەکانی بوو کاتێک توانی پلەی دەیەمی پرێمەرلیگیان بۆ مسۆگەر بکات.