راپۆرتی تایبەت؛ ریال مەدرید بەهۆی ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە قەیرانێکی گەورە رزگاری دەبێت
چیدیکە قەیرانی گۆڵکردن بە لێدانی راستەوخۆ لە ریال مەدرید نامێنێت

یاریگا –
ریال مەدرید بەهۆی ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە قەیرانێکی گەورە رزگاری دەبێت، چیدیکە کێشەی جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆیەکانی نابێت و وەرزی داهاتوو دەبێتە خاوەنی دوو چەکی کاریگەر.
ماڵپەڕی ABCـی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بە گرێبەستکردنی لەگەڵ ئالێکساندەر ئارنۆڵد و فرانکۆ ماستانتونۆ لەکۆڵ قەیرانی گۆڵکردن بە لێدانی راستەوخۆ دەبێتەوە، هەردوو یاریزانە نوێیەکەی مێرەنگی لە لە لێدانی راستەوخۆ تایبەتمەند و لێزانن.
ماڵپەڕە ئیسپانییەکە راشیگەیاندووە، ئالێکساندەر ئارنۆڵد یاریزانی نوێی ریال مەدرید کە وەکو یاریزانی نوێی یانەکە بە میدیاکان ناسێنرا، بە درێسی لیڤەرپوول لەو 23 گۆڵەی تۆماریکرد 8 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ بوو، لە رێدز هەر خۆی ئەرکی جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆیەکانی لە ئەستۆ دەگرت.
جگە لە ئالێکساندەر ئارنۆڵد، فرانکۆ ماستانتونۆ لە جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆ بەهرەمەندە، کە چاوەڕێ دەکرێت دوای مۆندیالی یانەکان بەفەرمی گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ بکات، ناوەڕاستکارە 17 ساڵانەکەی ریڤەر پلێت لەو 10 گۆڵەی بە درێسی ریڤەر پلێت کردوویەتی دوو گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ بووە.
وەرزی رابردوو ریال مەدرید نەیدەتوانی سوود لە لێدانی راستەوخۆیەکان وەربگرێت و چەکێکی کاریگەری لەدەست دابوو، وەرزی رابردوو لۆس بلانکۆس 4 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کرد، کیلیان ئێمباپێ بەمدواییانە ئەرکی لێدانە راستەوخۆیەکانی لە ئەستۆ گرتبوو، دوو گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کرد، رۆدریگۆ و فێدریکۆ ڤالڤێردیش هەریەکێکیان گۆڵێکی بە لێدانی راستەوخۆ کرد.