
یاریگا –
ریال مەدرید دووەم یاریزانی نوێی لەم هاوینە بە میدیاکان ناساند، ئالێکساندەر ئارنۆڵد دوای دین هاوسن وەکو یاریزانی نوێی مێرەنگی بە میدیاکان ناسێنرا.
ئالێکساندەر ئارنۆڵد بەرگریکاری ئینگلیزی دوای ئەوەی پشکنینی پزیشکی بۆ کرا، وەکو یاریزانی نوێی ریال مەدرید بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە میدیاکان ناسێنرا، بەرگریکارە ئینگلیزییەکە لە مێرەنگی درێسی ژمارە 12 دەپۆشێت و درێسی یانە نوێیەکەی بەرزکردەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە رێوڕەسمی ناساندنی یاریزانە نوێیەکەی ریال مەدرید لەبارەی ترێنت گوتی :’ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر تایبەتە بۆ مەدریدستاکان، گرێبەستمان لەگەڵ ئەفسانەیەک واژۆکردووە هەموو شتێکی بەدەستهێناوە، ئەمڕۆ دەبێتە بەشێک لە خێزانەکەمان، بێڵینگهام هاوڕێیە ئازیزەکەت لێرەیە و بەمزووانە بۆت روون دەبێتەوە ریال مەدرید واتە چی’.
هەروەها سەرۆکی یانە مەدریدییەکە گوتیشی :’ئارنۆڵد لە لیڤەرپوول بووە ئەفسانە، لە 354 یاری 9 نازناوی بەدەستهێنا، ئێستاش دەیەوێت لە ریال مەدرید شوێنپەنجەی خۆی بەجێبهێڵێت، ئەمڕۆ خەونەکەی ترێنت بووە راستی، بڕیاریدا یاریی بۆ ریال مەدرید گەورەترین یانەی جیهان بکات، دەکرا پەیوەندی بەهەر یانەیەکی دیکەی جیهان بکەیت بەڵام ریال مەدریدت هەڵبژارد، ئێمەش هەرگیز ئەوە لەیاد ناکەین، ترێنت بڕیاریدا پەیوەندی بە ریال مەدرید بکات چونکە لێرە دەستکەوتی زیاتر بەدەستدەهێنێت’.
ئارنۆڵد کە بە ئامادەبوونی ئەندامانی خێزانەکەی وەکو یاریزانی نوێی ریال مەدرید بە میدیاکان ناسێنرا، لە رێوڕەسمی ناساندنەکەی گوتی :’سوپاس بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز کە دەرفەتی پێبەخشیم ئەم خەونەم بەدیبهێنم، زۆر دڵخۆشم کە شانبەشانی باشترین یاریزانەکانی جیهان یاری دەکەم، زۆر بەپەرۆشم تاوەکو بە هاندەرانی ریال مەدریدی نیشان بدەم دەتوانم چی بکەم لە یاریگادا’.
ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە لیڤەرپوولەوە پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید کرد و ئەم مانگە بە درێسی یانە ئیسپانییەکە بەشداریی مۆندیالی یانەکان دەکات، رۆژی 18ـی ئەم مانگە ریال مەدرید لە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی یانەکان رووبەڕووی هیلالی سعوودی دەبێتەوە.