فیفا هەوڵ دەدات لیڤەرپوول و بارسێلۆنا بەشداری جامی جیهانی یانەکان بکەن
بە بەشداری 48 یانە

یاریگا –
یەکەمین جامی جیهانی یانەکان بە فۆرماتێکی نوێی 32 یانەی بەشدار بوو لە رۆژی شەممەوە لە ئەمریکا دەستپێدەکات، بەڵام فیفا لە ئێستاوە بیر لە زیادکردنی ژمارەی تیپە بەشداربووەکان بۆ ساڵانی داهاتوو دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، بڕیارە فیفا خولێکی نوێی راوێژکارییەکان بۆ ئەم مەبەستە دەستپێبکات. ئامانج لێی زیادکردنی ژمارەی یانەکانە بۆ 48 یانە بۆ خولی داهاتووی جامی جیهانی یانەکان لە ساڵی 2029، بە مەرجێک فۆرماتە نوێیەکە سەرکەوتوو بێت لە پاڵەوانێتییەکەدا، کە رۆژی شەممە بە یاریی نێوان ئینتەر مەیامی و ئەهلی میسڕی دەستپێدەکات.
ئەم هەنگاوەی فیفا وەڵامێکە بۆ ئەو رەخنانەی کە بەهۆی ئامادەنەبوونی یانە گەورەکانی ئەوروپا لە جامی جیهانی یانەکانی 2025ـە. یانەکانی وەک بارسێلۆنا، لیڤەرپوول (پاڵەوانی ئەم دواییەی لالیگا و پرێمەرلیگ)، ئارسیناڵ (پلەی دووەمی پرێمەرلیگ و قۆناخی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ) و میلان بەهۆی خراپی ئاست لە پێنج ساڵی رابردووی پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپادا بەشداری ئەم وەشانە ناکەن.
بە لەبەرچاوگرتنی سیستمی ئێستای پاڵاوتن بۆ مۆندیالی یانەکان، کە زۆرترین رێگا بە دوو یانە دەدات لە هەر وڵاتێکەوە (جگە لە بەڕازیل کە چوار یانە و ئەمریکا بە سێ یانە)، زیادکردنی ژمارەی یانەکان تاکە رێگایە بۆ گەڕاندنەوەی تیپە گەورەکان بۆ ئەم پاڵەوانەتییە.
مۆندیالی 2026ی پیاوان و مۆندیالی 2031ی ئافرەتان بۆ یەکەمجار بە 48 تیپ بەڕێوەدەچێت. هەروەها زیادبوونی ژمارەی تیپەکانی مۆندیالی یانەکان هاوتەریبە لەگەڵ مۆدێلی نوێی فیفا بۆ رکابەرییە گەورەکانی.
بەگوێرەی هەواڵەکەی گاردیانی بەریتانی، سەرچاوەکانی فیفا پشتڕاستیان کردووەتەوە کە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە ئارەزومەندەکان دەکرێت سەبارەت بە فۆرمات و پێکهاتەی مۆندیالی یانەکانی داهاتوو لە دوای پاڵەوانێتی هاوینەی ئەمساڵ.