بازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستان

بەدواداچوونی یاریگا؛ چارەنووسی رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید لە هەولێر یەکلایی بووەوە

گرێبەستی هەردوو یاریزانەکەی هەڵبژاردەی عێراق لە هەولێر کۆتایی هات

Yariga App

یاریگا –

گرێبەستی رێبین سولاقا و ئوسامە رەشید لە یانەی هەولێر کۆتایی هات، یانەکەی قەڵاومنارە دەیەوێت گرێبەستی یاریزانە کەرکووکییەکە لە یانەکەی درێژ بکاتەوە.

رێبین سولاقا کە مانگی فێبرایەری رابردوو بۆ ماوەی چوار مانگ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێر کرد، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی چوار مانگ بوو، بەرامبەر 120 هەزار دۆلار پەیوەندی بە یانەکەی پایتەخت کردبوو، 9 یاری بە درێسی زەردپۆشەکان کرد و 4 کارتی زەرد و کارتێکی سووری بە درێسی هەولێر بەڕوودا بەرزکرایەوە.

تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر کۆتایی هات، ریزەکانی یانەکەی بەجێهێشت و ئەو بەرگریکارەی هەڵبژاردەی عێراق نەگەڕاوەتەوە هەولێر و چیدیکە رێبین سولاقا درێسی یانەکە ناپۆشێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئوسامە رەشید بە هەمان شێوەی رێبین سولاقا سەرەتای ئەم مانگە گرێبەستەکەی لەگەڵ هەولێر کۆتایی هاتووە، بەڵام یانەکەی قەڵاومنارە دەیەوێت گرێبەستەکەی درێژ بکاتەوە و لەو پێنج یارییەی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق ماویەتی، ئوسامە رەشید یاریی بۆ هەولێر بکات.

ئوسامە رەشید کە هاوینی رابردوو پەیوەندی بە ریزەکانی هەولێر کرد، دوای یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق هێشتا نەگەڕاوەتەوە هەولێر کە لە هەردوو یارییەکەی عێراق بەرامبەر کۆریای باشوور و ئوردن سەرەکی بوو.

پێشتر هەریەکە لە هێلیۆ مۆنتێرۆ و هیگۆر ڤیدال و عەباس یاسین گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و پێش وەختە ریزەکانی یانەی هەولێریان بەجێهێشت، کە هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە کۆکردنەوەی 44 خاڵ لە پلەی یازدەم دێت و پێنج یاریی ماوە، رۆژی شەممەی داهاتوو لە گەڕی 35 میوانداریی نەورۆز دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button