هاوژینی ئیمیلیانۆ مارتینێز داهاتووی گۆڵپارێزەکە ئاشکرا دەکات

یاریگا –
هاوژینی ئیمیلیانۆ مارتینێز، وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن ئەم گۆڵپارێزە ئەرجەنتینیە ئاستۆن ڤێلا بەجێبهێڵێت.
مارتینێز، لە دوایین یاریی یانەکەی لە پرێمەرلیگ، بە چاوی پڕ گریانەوە ماڵئاوایی لە هاندەران کرد. ئەمەش دەنگۆی ئەوەی درووست کرد کەدوای سێ وەرز لە گواستنەوەی هاوینەدا ڤیلا بەجێبهێڵێت. دواتر گومان لەوە کرا شوێی داهاتووی گۆڵپارێزە ئەرجەنتینییەکە مانچێستەر یونایتد بێت، ئەمەش دوای ئەوەی داهاتووی ئۆنانا تاوەکوو ئێستا لە ئۆڵدترافۆرد روون نییە.
ئێستا هاوژینی مارتینێز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێد جەیمس لە کەناڵی بی بی سی وەڵامی ئەو پرسەی داوەتەوە و ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن مارتینێز لە ڤیلا جیابووەتەوە، بە چاوەشەکاری زانی و گوتی:
“ئەو نەدەگریا، نەخێر، هەرکەسێک ئیمی بناسێت دەزانێت کە کەسێکی بەسۆزە و ئەوەش بەشێکە لە کەسایەتییەکەی، تەنیا ئەوە دەردەخات کە چەندە هاندەرانی ڤیلای خۆشدەوێت. منیش هاندەرانی ڤیلام. ئێمە ڤیلامان خۆشدەوێت”.
بە گوتەی زانیارییەکانی گاستۆن ئێدۆل، رۆژنامەنووسی ئەرجەنتینی، ئیمیلیانۆ مارتینێز چانسێکی باشی هەیە لە گواستنەوەکانی داهاتوودا یانەکەی بگۆڕێت.
ئەو ئۆفەرێکی لە سعودیەوە هەیە و دوو ئۆفەری پتەوی لەلایەن تیمە گەورەکانی ئەوروپاوە هەیە. بەڵام بە هۆکاری وەرزشی و بۆ ئەوەی لە مۆندیالەوە نزیک بێتەوە، سعودیە رەت دەکاتەوە.
مارتینێز دووجار خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی فیفای بەدەستهێناوە، لەدوای گواستنەوەی لە ساڵی 2020 لە ئارسیناڵ، 211 یاریی لەگەڵ ڤیلا کردووە.