سەرۆکی سپۆڕتینگ لیسبۆن هەموو شتێک لەبارەی داهاتووی یۆکێرێش ئاشکرا دەکات
یەک دڵنیاییم بە بەڕێوەبەری کارەکانی یۆکێرێش داوە و ئەوەی لە میدیاکان باس دەکرێت 'درۆیە'

یاریگا –
ڤیکتۆر یۆکێرێش، ئەستێرەی سویدی و سپۆڕتینگ لیسبۆنی پۆرتوگالی، یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین داواکارییان لە مێرکاتۆی ئەم هاوینە لەسەرە.
یانە گەورەکانی ئەوروپا لە نزیکەوە چاودێری ئەستێرەکە دەکەن، چونکە ژمارەی گۆڵەکان هەمووانی شۆک کردووە و چاوەڕێی یەکلاییبوونەوەی دۆخەکەی دەکەن.
فرێدێریکۆ ڤارانداس، سەرۆکی سپۆڕتینگ لیسبۆن بۆ یەکەمجار باسی لە چارەنووسی ئەستێرە سوێدییەکە کرد.
سەرۆکی یانە پۆرتوگالییەکە رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێکی ‘پیاوانە’ لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یۆکێرێش لەبارەی رێگەدان بە پەیوەندیکردنی بە مانچێستەر یونایتد و ئارسیناڵ بەبڕی 50 ملیۆن پاوەند هەبێت.
رۆژنامەی رێکۆرد لە ژمارەی سێشەممەی رابردوودا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار پشتڕاستیکردەوە، یۆکێرێش بە بەرپرسانی باڵای یانەکەی راگەیاندووە، جارێکی دیکە یاریی بۆ یانەکە ناکاتەوە.
ڤارانداس لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رەتیکردەوە هیچ ئۆفەرێکیان پێگەیشتبێت و پێشبینیش ناکات، بە کەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری یۆکێرێش ببن، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەیی یانەکەی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی گواستنەوە پیشاندا.
دەتوانم دووپاتیبکەمەوە، یۆکێرێش بەبڕی 60 ملیۆن یۆرۆ و 10 ملیۆن یۆرۆی پاکێجی پاداشتەکان سپۆڕتینگ جێناهێڵێت، هەرگیز بەڵێنی لەمشێوەیەم نەداوە.
تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەک ئۆفەری پێشکەش نەکردووین، تەنانەت هاوینی رابردووش هیچ ئۆفەرێکمان پێنەگەیشت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی یانەکە جەختیکردەوە، بەڕێوەبەری کارەکانی یۆکێرێش داوای رێککەوتنی لەسەر بەهای یاریزانەکە کردووە؛
لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یۆکێرێش کۆبووینەوە و بریکارەکەی داوای بەهایەکی جێگیری لێ ئێمەکرد، بەڵام لە هەمان کاتدا نەیتوانی هیچ ژمارەیەکمان پێبدات.
بەڵام داواکارییەکەی روونبوو، بە ئێمەی گوت، داواکارین سپۆڕتینگ واز لە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یۆکێرێش بهێنێت کە بریتییە لە 100 ملیۆن یۆرۆ.
من یەک شتم بە بەڕێوەبەری کارەکانی گوت، کەس نازانێت لە ماوەی داهاتوودا بەهای یۆکێرێش دەبێتە چەند، لەوانەیە 40، 60 یاخود 80 ملیۆن یۆرۆ بێت.
بەڵام یەک دڵنیاییم بە نوێنەری یاریزانەکەدا، کە سپۆڕتینگ داوای 100 ملیۆن یۆرۆ ناکات.
سپۆڕتینگ دوو ساڵ بەر لە ئێستا یۆکێرێشی بەبڕی 20 ملیۆن پاوەند لە کۆڤێنتری سیتی گواستەوە و پێشبینیدەکرێت لەم هاوینەدا قازانجێکی گەورەی لێبکات.
یاریزانی 27 ساڵان لە ساڵی 2021 لە برایتنەوە پەیوەندی بە کۆڤێنتری کرد و لەگەڵ یانەکە 40 گۆڵی لە 97 یاریدا کرد. بەڵام لە دوای گواستنەوەی بۆ پۆرتوگال، لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا 97 گۆڵی لە کۆی 102 یاریدا کردووە.