لیڤەرکوزن ئەستێرەیەکی لاوی لیڤەرپوولی دەوێت
لیڤەرپوول دووپاتیدەکاتەوە؛ هەر گواستنەوەیەک رووبدات، پەیوەندی بە کەیسی ڤیرتزەوە نییە

یاریگا –
بایەر لیڤەرکوزن خۆی بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێکی لیڤەرپوول یەکلاییکردووەتەوە
زیاتر لە مانگێکە یانە ئەڵمانییەکە بۆ گواستنەوەی فلۆریان ڤیرتز لەگەڵ لیڤەرپوول لە پەیوەندیدایە و ئێستا تێگەیشتنێکی زۆر باش لە نێوان هەردوو یانەکەدا هەیە، چونکە لە سەرەتای مانگی رابردووش، بەخێرایی لەسەر گواستنەوەی جێرێمی فریمپۆنگ بۆ ئانفیڵد رێککەوتن.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، لیڤەرکوزن دەیەوێت جاڕێڵ کوانسا، بەرگریکاری لیڤەرپوول بگوازێتەوە ریزەکانی تاوەکو شوێنی جۆناسان تا، کەم بەمدواییە پەیوەندی بە بایرن میونشن کرد، پڕبکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ماریۆ هێرمۆسۆ دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی گەڕایەوە رۆما، هەروەها پێناچێت ئۆدیلۆن کۆسۆنۆ لە ئاتاڵانتا بگەڕێتەوە لیڤەرکوزن.
تۆڕەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای لیڤەرپوول بڵاویکردووەتەوە، بەهای کوانسا دەگاتە 54 ملیۆن دۆلار و هیچ پەیوەندییەکی بە گواستنەوەی ڤیرتزەوە نییە. چونکە لیڤەرپوول و لیڤەرکوزن لە دوا قۆناخی رێککەوتندان لەسەر ڤریتز.
گرانبەهاترین گواستنەوە لە مێژووی لیڤەرکوزن لە ساڵی 2019 بوو، کاتێک کەڕەم دەمیربای لە هۆفێنهایم گواستەوە.
کوانسا لە وەرزی 2023-24 بۆ یەکەمجار خۆی لە پێکهاتەی لیڤەرپوول دۆزیەوە و چەندین جار بەشداری یارییەکانی کردووە، بەڵام نەیتوانیوە شوێنێکی سەرەکی بەدەستبهێنێت.
پێشتر نیوکاسڵ یونایتد چاوی بڕیبووە یاریزانەکە، بەڵام لە کۆتاییدا لە لیڤەرپوول مایەوە و بووە پاڵەوانی پرێمەرلیگ.
کوانسا لە شارێکی بچووکی نزیک وارنتن لەدایکبووە و بەرهەمی ئەکادیمیای لیڤەرپوولە. لە کۆتایی وەرزی 2023-24 لە شوێنی ئیبراهیما کۆناتێ بووە سەرەکی.
کوانسا لە وەرزی رابردوودا بەشداری 25 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کرد و پێنج جار لە پێکهاتەی سەرەکی یارییەکانی پرێمەرلیگدا بوو.